لە سلێمانی سەرە گیراوە بۆ غاز
964+
ئاودێر عومەر
لەگەڵ بارینی بەفر لەناو شار، هاوڵاتیان لە سلێمانی پەیتا پەیتا دەڕۆن بۆ بەنزینخانەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆتڵی غازەکانیان.
لوقمان عەبدوڵا ، کارمەندی ژینگەپارێز بە تۆڕی 964ی وت، 10 دەقە بەپێ و بە شان بۆتڵی غازەکەی هەڵگرتووە و هێناویەتی بۆ پڕکردنەوە.
ئەو وتی “لە ئێستادا بۆتڵێکی نیوەمان هەیە ئەگەر بەفریش ببارێت و رێگا بگیرێت و سارد بێت، ئەوا ناتوانم بیهێنم بۆ پڕکردنەوە، ئەو سەیارەی غازەی بۆ کۆڵانەکان دێت دەبێت ناو بنوسی دوای سێ رۆژ سەرەت بەردەکەوێت، ئەویش ئەگەر بیهێنێت”.
بەرزان ئەحمەد، خاوەنی بەنزینخانەیەکە لە شاری سلێمانی، بۆ تۆڕی 964ی باسکرد “ئەگەر پەیج و تەلەفزیۆنەکان بڵێن بەفر دەبارێت یان سەرما بەڕێوەیە، ئەوا بەنزینخانەکەمان پڕ دەبێت لە بۆتڵی غاز و بەو شێوەیە سەرە دەگیرێت بۆ پڕکردنەوەی، لە ئێستاشدا هەر بۆتڵێک لە 10 هەزار زیاتری تێناکرێت بەپێی رێنمایی قایمقامیەت کە لیتری بە 700 دینارە”.
ئێستا لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری بەفر دەبارێت، چاوەڕێ دەکرێت تا چەند کاتژمێرێکی دیکە بەردەوام بێت.