دیمەنی بەشێك لە دەستگیركراوەكان، فۆتۆ: هێزەكانی سنوور
سنووریان بەزاندووە
10 كەس لە سلێمانی دەستگیركران
ئەرسەلان عەبدوڵا
فەرماندەیی هێزەكانی سنوور رایگەیاند، 10 كەس لە خاوەن رەگەزنامەی ئاسیایی جۆراوجۆر هەوڵیاندابوو لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە خۆیان بگەیەننە ناو هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵام دەستگیركران.
فەرماندەییەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، رۆژی دووشەممە 17.2.2025 فەوجی دووی لیوای سنوور توانیویانە 10 كەس دەستگیر بكەن، كە خەڵكی وڵاتانی ئاسیان و بەنیازبوون بە رێگەی نایاسایی و قاچاغەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە بێنە ناو خاكی هەرێم و عێراقەوە.
سەرچاوەكە دەڵێت، ئەو كەسانە دەستگیركراون و رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەرچەندە فەرماندەیی هێزەكانی سنوور ئاشكرای نەكردووە ئەوانەی گیراون خەڵكی چ وڵاتێكن، بەڵام پێدەچێت زیاتر خەڵكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیابن، كە بۆ كاركردن یان بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیكە دێنە هەرێمی كوردستان و عێراق.