سیمینارێک بەڕێوەچوو

كۆمپانیایەک دەیەوێت مافی گۆرانی كوردی بپارێزێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمپانیایەك كە لە توركیاوە هاتوون، ئامادەن كاری كۆپی رایت و پاراستنی مافی گۆرانی كوردی لە ئەستۆ بگرن و مافی هونەرمەندانی كورد دابین بكەن.

فەرهەنگ غەفور بەڕێوەبەرى گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025 بە 964ی راگەیاند، “لەگەڵ كۆمەڵێك لە هونەرمەندانی بواری گۆرانی و موزیك لە هەولێر لەگەڵ شاندێكی كۆمەڵە و كۆمپانیای بەناوبانگی توركی  ( MESAM )سیمینارێكمان سازدا سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی ماف و بەرهەمی هونەرمەندانی كوردستان، وەك ئەوەی لە دنیا هەیە و بتوانین بە یاسا نێودەوڵەتییەكان كۆپی رایتی بەرهەمەكانمان بكەین.

وتیشی، ئەو سیمینارە بڕیارە لەگەڵ هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستانیش بێتە ئەنجامدان و دواتر بگەینە چارەسەر و رێگایەك بۆ چۆنیەتی پاراستنی بەرهەمەكانمان لە كۆپیكردن و دزینی، بێگومان بە چاودێری و ئاگاداریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كوردستان.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو كۆمپانیا و كۆمەڵەی هاتوون، لەسەر ئاستی جیهان كاردەكەن و ئامادەن كار بۆ هونەرمەندانی كوردستانیش بكەن و بەپێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكانی بواری كۆپی رایت، بەرهەمی هونەرمەندانی كورد سەپۆرت بكەن و مافە داراییەكانیشیان بۆ دابین بكەن.

فەرهەنگ غەفور رایگەیاند، هونەرمەندانی كورد پێویستیان بە وەها كارێك هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەكانیان پارێزراو بێت و لە رووی داراییشەوە سوودمەندبن، چونكە ئێستا لە دنیادا هونەرمەندان لە یوتیوب و پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا بە بەرهەمەكانیان داهات پەیدا دەكەن و بەرهەمەكانیشیان كۆپی رایت كراوە.

“وەك وەزارەتی رۆشنبیری ئامانجمان ئەوەیە بەرهەمی فۆلكۆر و گۆرانیی هونەرمەندە دێرینەكان بپارێزین، بە تایبەتی ئەوانەی كەسوكار و خانەوادەكانیان ماون و بتوانین داهاتیشیان بۆ پەیدا بكەین”، فەرهەنگ غەفور وای وت.

بە قسەی بەڕێوەبەری گشتیى رۆشنبیرى و هونەرى هەولێر لە رۆژانی داهاتوو ئەو كۆمپانیا و كۆمەڵەیەی هاتوون، هەر لەمبارەیەوە سیمینار و كۆبوونەوەیان لەگەڵ هونەرمەندانی شارەكانی دیكەی كوردستان و هەروەها شاری بەغداش دەبێت.

ئەنوەر قەرەداغی:

ئەنوەر قەرەداغی: "کاری هونەری بۆ خۆم دەکەم"