ناهێڵن زەوییەکانیان داچێنن
جوتیارانى کورد گردبوونەوە هەتا ئابڵوقەى سوپاى عێراق بشکێنن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
جوتیارانى کوردى سنوورى ناحیەى سەرگەڕان، دژى سوپاى عێراق گردبوونەوە و دەیانەوێت ئەو ئابڵوقەیە بشکێنن کە سوپا خستویەتییە سەریان و رێگرى دەکەن لە جوتیاران بۆ ئەوەى زەوییەکانیان بکێڵن.
دوای دەرچونی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوی رژێمی بەعس، سوپای عیراق رێگری دەکات لە جوتیارانی کوردی ناحیەی سەرگەڕان کشتوکاڵ بکەن. لە کاتێکدا ئەو بڕیارە لە لایەن سەرۆک کۆماری عیراق واژوی لەسەر کرا و ئەنجومەنی باڵای دادگای فیدراڵی عیراق پەسەندی کرد و تێپەڕاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16.2.2025 جوتیارانی هەریەک لە گوندەکانی (سەربەشاخ، پەڵکانە، خەرابە، گابەرکە)، لە ناو گوندی شەناغە، لە دژى سوپاى عێراق گردبونەوە.
ئیبراهیم حەسەن دانیشتوی گوندی پەڵکانەیە بە964ـی وت،”سوپای عیراق بڕیارەکانی دادکای فیدراڵی جێبەجێ ناکات، بەپێى بڕیارەکە دەبێت رێگەمان پێبدرێت کشتوکاڵ بکەین لەسەر زەوی وزاری خۆمان”.
“دوا لەسەرکردایەتی کورد دەکەین بە هانامانەوە بێن، چونکە زەوییەکانمان ماوەیەکى زۆر دەستیان بەسەرداگیرا، ئەگەر ئەو زەویانە هى عەرەبى هاوردەن دەبوو گۆڕێکیان لێرە هەبوایە”. ئەو جوتیارەى گوندى پەڵکانە واى وت.
لاى خۆیەوە دەشتی ئاغا دانیشتوی گوندی گابەرکە بە 964ـی وت،” لە دوای رووداوەکانی 16ـى ئۆکتۆبەرى 2017ـەوە، ئابڵوقەیەکی زۆر لەسەر جوتیارانی کورد هەیە، بەتایبەت ئەمساڵ زۆر توندکراوەتەوە و رێگرى دەکرێت لە کێڵانى زەوییەکانمان”.
ئەوان ئەمڕۆ گردبوونەتەوە بۆ ئەوەى ئەو ئابڵوقەیە بشکێنن و زەوییەکانیان بکێڵن.
ئەو جوتیارەى گوندى گابەرکە روونیشى کردەوە، ئەو هێزەی لەوێیە فەرمانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک جێبەجێ دەکات کە بەرپرسەکەى کەسێکى “نەتەوەپەرستى شۆڤێنییە”.
کێشەى جوتیاران چییە؟
رووبەرى ئەو زەویانەى جوتیارانى کورد و تورکمان لە سنوورى کەرکوک کێشەى موڵکایەتییان هەیە، زیاترە لە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى، کە زۆرینەى زۆریان تاپۆى رەشى ساڵى 1937ـیان هەیە.
زەوى جوتیارانى کورد و تورکمان بەچەند بڕیارێک دەستیان بەسەرداگیراوە و جوتیارانى کورد ناچارکراون شوێنەکانیان جێبهێڵن و عەرەبى هاوردەیان کردووە بە خانەخوێ و خاوەن زەوى.
بڕیارەکان ئەمانەن: بڕیارى 949ى ساڵى 1975ـى حکومەتى ئەوساى عێراق، بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (مجلس قیادة ثورة) کە لە ساڵى 1982 دەرکرا، بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکور لە ساڵى 1987، بەگشتى بەهۆى ئەم بڕیارانەوە یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى لە جوتیارانى کورد و تورکمان سەندرایەوە و بەشى زۆرى درا بە عەرەبى هاوردە و بەشێکیشى بەناوى حکومەتى عێراقى کرا و جوتیارانى کوردیش ناچار بە قەرەبوویەکى ناچاریى کران کە بۆ هەر دۆنمێک یەک دینار و 25 فلسیان بە زۆرەملێ داوە بە جوتیاران.
هەرچەندە لە ساڵى 2012 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە بڕیارى ژمارە 29، بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکورى هەڵوەشاندەوە و دۆخەکەى گەڕاندەوە بۆ خاڵى سەرەتا، بەڵام تائێستاى لەگەڵ بێت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح