بۆ خۆشۆردن کێشەى نییە
ئەو ئاوەى دەدرێت بە خوێندکارانى بەشەناوخۆیى زانکۆى کۆیە بۆ خوردنەوە ناشێت
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
پیسبوونی ئاوی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆی کۆیە، خوێندکارانی بێزارکردووە و ناتوانن بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی تری خۆیان لە بەشەناوخۆییەکان بەکاریبێنن، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییەکەش دەڵێت: ئاوەکە هی بیرەکانی چیای هەیبتەسوڵتانە، کێشەى نییە بۆ بەکارهێنان، تەنیا بۆ خواردنەوە نابێت.
فیردەوس فەرهاد، خوێندکاری بەشەناوخۆییە لە زانکۆی کۆیە، بە 964ـى وت،” زیاتر لە دوو مانگ دەبێت ئاوەکە بەم شێوازەیە، لێڵە و گۆڕانی رەنگ و چەورییەکەی وایکردووە نە بۆ خواردنەوە و نە بۆ خواردن دروست کردن گونجاو بێت”.
“ئاوەکە بووەتە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستى و دەروونیمان هەبێت، بەشێوەیەک بووەتە هۆی وشکردنی پێست و دروستکردنی زیپکە و قژ هەڵوەرین لە زۆربەی خوێندکارەکاندا”، فیردەوس فەرهاد واى وت.
بە قسەى محەمەد حەسەن کە خوێندکارێکى دیکەى بەشەناوخۆییەکەى زانکۆى کۆیەیە، ئاوەکە بەڕادەیەک رەنگى گۆڕاوە و لێڵە، نەک بۆ خواردنەوە، ئەگەر ناچار نەبن ناتوانن خۆشى پێ بشۆرن.
وەک ئەوەى باسیشى دەکات، زۆربەیان لە دەرەوە ئاوى خواردنەوە دەکڕن، چونکە ئەو ئاوە بۆ خواردن و چێشتلێنان شیاو نییە.
964 کێشەکەى بردە بەردەم کەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشەناوخۆیی زانکۆی کۆیە، ئەو سەبارەت بە گرفتەکە بە 964ـى وت،”ئەو ئاوەی کە بۆ بەشەناوخۆییەکان دابینکراوە لە بیرەکانی هەیبەتسوڵتانەوە دێت، ئاوی بیریش پێویستیی بە فلتەری گەورە هەیە بۆ ئەوەی پاکی بکاتەوە ئەوەش پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە و لە توانای ئێمەدا نییە”.
وەک باسى دەکات، لیژنەیەکى تەندروستیان پێکهێناوە، دواى پشکنین بۆ ئاوەکە دەرکەوتووە کە بۆ خواردنەوە نابێت، بەڵام بۆ خۆشۆردن کێشەى نییە و بۆ خواردنەوەش دەتوانن ئاوى دیکە بەکاربهێنن.
زانکۆی کۆیە پێنج بەشەناوخۆیی هەیە کە دەکەوێتە تەنیشت زانکۆی کۆیە لە بناری چیای هەیبەتسوڵتان لە قەزای کۆیە، ژمارەی خوێندکارەکانی ئەو بەشە ناوخۆییە بە پێی داتایەکی تۆمارگەی زانکۆکە نزیکەی دوو هەزار خوێندکاری تێدا نیشتەجێیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح