دوو کەسەکەی لە سناپ ‌هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەکرد دەستگیرکران

+964
هێرۆ مەولودی

ئەو دوو کەسەی لە سناپ چات هەڕەشەیان لە ئافرەتان دەکرد و پارەیان لێوەردەگرتن، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکران.

پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەیان راگەیاند کە بۆ دەستخستنی پارە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەیان لەو ئافرەتانە دەکرد لە سناپ چات.

ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون وەک پۆلیس ناوەکانی بڵاوکردوونەتەوە، بە ناوەکانی (ک. ز. م.) تەمەن 35 ساڵ و (ف. ح. ج.) تەمەن 32 ساڵ، لەسەر سکاڵای یەکێک لەو ئافرەتانە دەستگیرکراوە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردووە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی “هەردوو کەسەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و رەوانەی دادگا کراون”.

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی ئاشکراکرد کە 32 هەزار دۆلاریان لەو ئافرەتە وەرگرتووە کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردووە، بەڵام دواتر ئەو ئافرەتە پۆلیسی لێ ئاگادارکردووەتەوە و سکاڵای لەسەر هەردوو کوڕەکە تۆمارکردووە.

“دوای دەستگیرکردنیان، لە دانپێدانانەکانیان دەرکەوتووە کە پێشتر هەمان کاریان بەرامبەر چەندان ئافرەتی دیکە کردووە و پارەیان لێیان وەرگرتووە”. هۆگر عەزیز وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە لەکاتی دەستگیرکردنیان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێلکی جۆری کلایزەر و دوو پارچە چەکی کلاشینکۆف و دەمانچەیەک و چەقۆیەک، هەروەها شەش ملیۆن دینار و 15 کارتی مۆبایل و شەش سیم کارت گیراوە.

بە قسەی پۆلیسی هەولێر، وێنەی دەیان ئافرەتی دیکە لەناو مۆبایلەکانیاندا هەبووە، داواش لەو ئافرەتانە دەکات کە پێشتر لەلایەن ئەو دوو کەسەوە لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنەکانیان پارەیان لێوەرگیراوە، سەردانی پۆلیس بکەن و سکاڵایان لەسەر تۆماربکەن.

ئەو دوو کەسە، بە مادەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە و دادگایی دەکرێن.