حکومەتی هەرێم لەسەر رەشنووسی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵ کۆدەبێتەوە

+964

فەرمان سادق

ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر چەند پرسێک کۆدەبێتەوە کە دیارترینیان رای حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر رەشنووسی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵ.

کاتژمێر 11ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی هەفتانە ئەنجامدەدات.

 لەبڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا راپۆڕتێک سەبارەت بە روودانی دوایین بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان و رێوشوێن و رێکارەکانی خۆپارێزی و یارمەتیدانی هەردوو وڵاتی دراوسێ سووریا و تورکیا دەخرێتەڕوو.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێ و پەسندکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای “بەرکارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری فیدراڵی” لە هەرێمی کوردستان و “پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکـانی پەروەردە و خوێندنی باڵا”.

لەبڕگەی سێیەمدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵ دەکات و رای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.