بارهەڵگرێک تەماتەی خراپبوو لە كەلار لەناوبرا
چوار بارهەڵگر لە دوو رۆژدا
بارهەڵگرێک تەماتەی خراپبوو لە كەلار لەناوبرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەری تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆریی كشتوكاڵی گەرمیان رایگەیاند، بارهەڵگرێك تەماتە، كە لە باشووری عێراقەوە هاتبوو، بەرهەمەكەی خراپ ببوو، ئەوانیش دەستیان بەسەرداگرت و تەلەفیان كرد.
محەمەد كوێخا زەند بە 964ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 8.2.2025 بارهەڵگرێك، كە حەوت تۆن تەماتەی خراپبووی هێنابووە كەلار، لە لایە کۆنتڕۆڵی جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی لە عەلوەی کەلار، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار، دوای ئەوەی لە پشكنین دەرنەچوو، دەستیبەسەردا گیرا و دواتریش تەلەف كرا.
وتیشی، تەماتەكە لە بەسڕەوە هاتبوو، بەڵام خراپ ببوو، شیاوی خواردن نەبوو، بۆیە تەلەف كرا و لەناوبرا.
“هەر بەربوومێكی خراپ بێتە كەلار و لە لایەن كۆنتڕۆڵی جۆرییەوە دەرنەچێت، ئێمە لەناوی دەبەین، چونكە ئەگەر بیگەڕێنینەوە، بۆی هەیە بیبەن لە شارێكی دیكە لە بازاڕ ساغی بكەنەوە”، محەمەد كوێخا زەند وای وت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان 24 کاتژمێر لە کۆنتڕۆڵی جۆریی عەلوەی کەلار کار دەکەن، بۆ ئەوەی رێگری بكەن لە هاتنی هەر بەروبوومێكی خراپ و ناتەندروست.
تاقیگەی كۆنتڕۆڵی جۆریی كشتوكاڵی گەرمیان، دوێنی هەینییش بارهەڵگرێك پرتەقاڵ و دوو بارهەڵگری دیكەی پەتاتەیان لەناوبرد، دوای ئەوەی بەرهەمەكان تێكچوبوون و شیاوی خواردن نەبوون.