رێگەی زینی وەرتێ وێنە: سۆشیاڵ میدیا
بەرگری شارستانی بەڕێگەوەن بۆ هاوکاری کردنیان
چەند ئۆتۆمبێلێک لە زینی وەرتێ بەهۆی بەفرەوە گیریان خواردووە
964+
ژێوار خدر
بەهۆی بەفر بارینی زۆرەوە لە زینی وەرتێ چەند ئۆتۆمبێلێک گیریان خواردووە و بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێش دەڵێت، چاوەڕێی تیمەکانی راماڵینی بەفری سۆرانین بگەن و رێگەکە پاک بکەنەوە.
لە دوێنێ ئێوارەوە شەپۆلێکی بەفر بارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەشیک لە رێگەکانی سنووری ئیدارەی سۆرانیش بەهۆی رێژی زۆری بەفرەوە ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروستبووە و تیمەکان سەرقاڵی راماڵینی بەفرەکان.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە 964ـی وت، هەواڵمان پێگەیشتووە کە سێ ئۆتۆمبێلی بچوک لە لۆفەکانی زینی وەرتێ گیریان خواردووە و ناتوانن سەرکەون بەهۆی بەفرەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی وەرتێ بەڕیگەوەن بۆ هاوکاری کردنیان.
وتیشی، ئەو کەسانە تەندروستییان باشە و هیچ کێشەیان نییە، تەنیا ئەوەیە ئۆتۆمبێلەکانیان بچوکە و لەو حاڵەی ئێستاشدا ئۆتۆمبێلی بچوک ناتوانێت لەو رێگەیە دەربەو رێگەیە دەربچێت.
“ئێمە خۆمان ئامێری پاککەرەوەمان نییە، چاوەڕێی ئامێرەکانی راماڵینی بەفری سۆران دەکەین بگەن بۆ پاککردنەوەی رێگەکە.” شۆڕش حەسەن وای وت.
بەپێی قسەی بەڕێوەبەری ناحیەکە، لە ئێستادا تەنیا ئۆتۆمبێلێک زنجیری بەستبێت یان دەبڵ ئەکسڵ بێت دەتوانێت لە رێگەی زینی وەرتێ دەربچێت و ریگەکە بەهیچ شێوەیەک شیاو نییە بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک و دەشڵێت، هاوڵاتییان تا پێیان دەکرێت با ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن.
زینی وەرتێ، رێگەیەکی تاک ساید و پڕ لە لۆفە و هەوراز و نشێوە، ئیدارەی سۆران و راپەڕین بە یەکەوە دەبەستێتەوە، هەر جارێ بەفر ببارێت لەم سنوورە رێگاکەی دادەخات.