دیمەنی یەكێك لە زیندانەكانی عێراق، فۆتۆ: ئاژانسەكان
زیندانەكانی عێراق
زیاتر لە 509 كەس ئازادكران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی دادی عێراق ئازادکردنی زیاتر لە 500 زیندانی لە ماوەی مانگی یەکی رابردوودا راگەیاند.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، کۆی ئەو کەسانەی لە ماوەی مانگی 1ی 2025 لە زیندانەكانی بەغدا و شارەكانی دیكە ئازادکراون 509 زیندانی بوون.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، ئازادكراوەكان هەندێكیان ماوەی سزاكانیان تەواو كردووە و هەندێكیشیان بە بڕیاری دادگای تەمیز بووە و وەزارەتەكەش بە بەردەوامی چاودێریی شێوازی ئازادكردنی زیندانییەكان و رێوشوێنە یاساییەكان دەكات، بۆ ئەوەی كارەكان بە شێوەیەكی باش بەڕێوەبچن.
ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە، رۆژی 21ی مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق پەسند كرد و یاساكەش لە پێنجشەممەی رابردووەوە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن، ئەنجومەنی باڵای دادوەرییش لە نووسراوێكدا، كە ئاراستەی سەرۆكایەتی دادگاكان و داواكاری گشتیی كردووە، پشتڕاستی كەوتنەكاری یاساكەی كردەوە.