وێنەی کیسەڵێکی "جەلاوی". فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
خشۆكه‌كه کیسەڵێکی (جەلاوی) یه
ژینگه‌ى هه‌ولێر ته‌واوى به‌ڵگه‌كانى له‌سه‌ر راوكردنى گیاندارێكی خشۆك ته‌سلیم به دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى خه‌بات كرد
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
دواى نزیكه‌ى سێ مانگ له تۆماركردنى سكاڵا له‌سه‌ر راوچییه‌ك كه گیاندارێكی خشۆكى له زێی گه‌وره راوكردبوو، ژینگه‌ى هه‌ولێر ته‌واوى به‌ڵگه‌كانى بۆ ئه‌م سكاڵایه‌ى پێشكه‌شى دادگاى لێكۆڵینه‌وه كرد.
سكاڵاكه له دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى قه‌زاى خه‌بات له رۆژى تۆمار 10.11.2024 له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه تۆماركراوه، به‌وپێیه‌ى شوێنى رووداوه‌كه له سنوورى ئه‌م قه‌زایه‌یه.
دڵشاد حوسێن هیرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێر، به 964ـى راگه‌یاند له‌سه‌ر داواى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه به‌شی یاساییان سه‌ردانى ئه‌م دادگایه‌ى له قه‌زاى خه‌بات كردووه و هه‌رچی به‌ڵگه‌ى سه‌ر ئه‌م رووداوه هه‌یه، پێشكه‌شی دادوه‌ریان كردووه.
وتیشی “رێكاره‌كانى دادگا بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌م كه‌سه و لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كه به‌رده‌وامه و ئه‌و یاسایانه‌شمان پێشكه‌شی دادگا كردووه كه ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه بۆ سزادانى راوچییه‌كان ده‌ریكردوون”.
راوکردنی ئه‌م گیانداره خشۆکه كه لە جۆری (جەلاوی)یە لە زێی گەورە، به سەرپێچیكردنى ژینگەیی داندراوه و ده‌سته‌ى پاراستنى ژینگه‌ش به‌پێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2023 له خاڵی 25 لە خشتەی یەکەم لە بابەتی (راوکردنی خشۆکەکان ) سزاى راوچییه‌كانى دیاریكردووه، کە له زۆر حاڵه‌تدا سزاى ئه‌م جۆره كه‌سانه جگه له به‌ندكردنیان بۆ ماوه‌یه‌ك، هه‌مانكات سزاى پێبژاردنیشیان بۆ ده‌كرێت.
گیانداره خشۆكه‌كه له رۆژی 7.11.2024 لە زێی گەورە لەلایەن ژمارەیەک راوچی، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی راوکردن و بەنایاسایی راوکراوە.
(جەلاوی) ناوە زانستییەکەی (رافتیز یوفراتیک)ـە، واتە کیسەڵی رووباری فورات، خاوەنی قۆزاخەیەکی نەرمە و بەهۆی ئەوەی گۆشتەکەی دەخورێت، مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە.