لەکاتی بوومەلەرزەکەی سووریا 20 زیندانی لە عەفرین هەڵهاتوون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە زیندانێکی رۆژئاوای کوردستان ژمارەیەک بەندکراو لەکاتی بوومەلەرزە بەهێزەکەی سووریا هەڵهاتن، کە گومان دەکرێت هەموویان چەکداری داعش بن.

سەرچاوەیەک لە گرتوخانەی راجۆ لە رۆژئاوای کوردستان رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی AFP وتووە، بەندکراوەکان بۆ ماوەیەک کۆنترۆڵی بەندینخانەکەیان کردووە و لەئەنجامدا زیاتر لە 20 کەس هەڵهاتوون.

“لەپاش بوومەلەرزەکە، کە کاریگەری لەسەر شارۆچکەی راجۆش هەبوو، گیراوەکان دەستیانکرد بە یاخیبوون و بەشێک لە زیندانەکەیان کۆنترۆڵ کرد، نزیکەی 20 زیندانی هەڵهاتوون، کە پێدەچێت چەکداری داعش بن” ئەو سەرچاوەیە وای وت.

بەندینخانەی راجۆ دەکەوێتە هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان و لەژێر دەسەڵاتی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرەدایە.

بەندینخانەکە نزیکە لە سەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا و نزیکەی دوو هەزار زیندانیی تێدایە، کە هەزار و 300 کەسیان چەکداری داعشن.