لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل روویداوە

‎رووداوێکى هاتوچۆ پێنج بریندارى لێکەوتەوە

964+

وریا فەتاح

لە رووداوێکى هاتوچۆدا کە لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لە ناوشارى کەلار روویداوە، پێنج کەس بریندار بوون.

بەهۆى رووداوەکانى هاتوچۆوە، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ 11 بریندار و چوار گیان لەدەستدان لە سنوورى گەرمیان، تۆمار کراون

هاتوچۆى گەرمیان بڵاوى کردەوە، ئەمشەو لە ناو شارى کەلار و لە نزیک قەڵاى شێروانە رووداوێکى هاتوچۆ روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون.

وەک باسى دەکات، رووداوەکە لە نێوان سێ ئۆتۆمبیل لە جۆرەکانى، تۆیۆتا ئەڤەلۆن و جێب واز و جێب شیرۆکى روویداوە.

‎”بریندارەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن تیمی هاتووچۆوە دەستیپێکردووە”، هاتوچۆى گەرمیان وادەڵێت.

بەپێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى گەرمیان کە لە پەیجى فەیسبوکى تایبەت بەخۆیان بڵاویان کردووەتەوە، لە 1.1.2025ـەوە تا ئەمشەو، 11 کەس لە ژمارەیەک رووداوى هاتوچۆدا تۆمارکراون و چوار حاڵەتى گیان لەدەستدانیش هەبوون.

وێنەى رووداوەکە: