بۆ 3574 كه‌سه
مینحه‌ى مانگى یەک به‌سه‌ر رزگاربووانى ئێزدی دابه‌ش ده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ده‌ست به دابه‌شكردنى مینحه‌ى مانگى كانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ، به‌سه‌ر رزگاربووانی ئێزدیی ده‌ستى داعش كرا، ئه‌مه چواره‌مین مینحه‌يه به‌سه‌ریاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
بڕیارى پێدانى ئه‌م مینحه‌یه بۆ مانگى تشرینى دووه‌مى ساڵى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه كه حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان مینحه‌كه‌ى بۆ سێ هه‌زار و 574 كه‌سی ئێزدی دابینكردووه، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌وانه‌ى له ده‌ستى داعش رزگاریان بووه.
زه‌رده‌شت شێخ شامۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى خانكێ به 964ـى راگه‌یاند، له‌مڕۆوه ده‌ست به دابه‌شكردنى ئه‌م مینحه‌یه كراوه كه بۆ هه‌ر رزگاربووێك بڕی 200 هه‌زار دینار ده‌درێت.
وتیشی “مینحه‌كه هه‌موو ئه‌و رزگاربووانه ده‌گرێته‌وه كه له ناوخۆى هه‌رێم و یان ئه‌وانه‌ى چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و له رێگه‌ى وه‌كیله‌كانیانه‌وه پێیان ده‌درێت”.
به‌پێی ئه‌و لیسته‌ى بۆ دابه‌شكردنه‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه مینحه‌كه له قەزای شێخان، بنکەی لالش، کۆمەڵگای شاریا، دابەشدەکرێت.
سبه‌ی هه‌ینى لە ناحیەی خانکێ و کۆمەڵگای دێرەبوون و رۆژى 1.2.2025 تاوه‌كو 6.2.2025 هه‌مان ئه‌م مینحه‌یه له بنکەی لالش له دهۆک دابەشدەکرێ.