وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ له‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌ك نۆژه‌نده‌كاته‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ له‌ رێگه‌ى فه‌یسبووكه‌وه به‌ڵێنی ‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌یه‌ك له‌ سنوورى قه‌ڵادزێ ده‌دات‌، راگه‌یاندنى په‌روه‌رده‌ى راپه‌ڕینیش دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، له‌دواى كۆتایی هاتنى پشووه‌كان، ده‌رخسته‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ى ئاماده‌ده‌كرێ.

له‌داواكارییه‌كدا كه‌له‌ لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكى (قه‌ڵادزێى نوێ)، ئاڕاسته‌ى ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كراوه‌، ده‌ڵێن “ئەوە بینا کۆنەکەی قوتابخانەی ساوێنە ئیستا گۆڕاوە بۆ کۆڕەوی بنەڕەتی لە قەڵادزێ لە گەڕەکی ڕاپەڕین”.

له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كه‌یان وێنه‌یه‌كی بیناى قوتابخانه‌كه‌شیان بڵاوكردووەته‌وه‌و ده‌ڵێن “بیناکە تابڵێی کۆن و ناڕێکە، مەترسی رووخانی هەیە و زۆر زۆر خەتەرە و دەوامی تێدا دەکرێت، یەک بوومەله‌رزەی بەسە بۆ ئەوەی تەخت بێت و کارەسات دروست بێت”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ داواکارن، پێش ئەوەی کارەسات رووبدات لیژنەیەک پێکبهێنن و سەردانی بکەن و بەچاوی خۆتان ببینن لەناوەوە چۆن شەقی بردووە ؟

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ش راسته‌وخۆ وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییه‌ى داوه‌ته‌وه‌ نووسیه‌تى ” سڵاو ، ناردم بۆ بەرێز مامۆستا محه‌مه‌د بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی راپەرین ، بۆ ئەوەی دەرخستەی بۆ بکەن بۆیان نۆژەن دەکەینەوە” .

له‌ پۆستێكی تریاندا جگه‌ له‌وه‌ى سوپاسی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى وه‌زیری په‌روه‌رده‌یان بۆ بڕیاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ كردووه‌، داوایان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى په‌روه‌رده‌ى راپه‌ڕینیش كردووه‌ به‌زووترین كات ده‌رخسته‌كه‌یان بۆ بكات”.

له‌په‌یوه‌ندییه‌كیشدا، یوسف ناوده‌شتى به‌رپرسی راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى راپه‌ڕین، بۆ تۆڕى964، دووپاتیكرده‌وه‌ له‌دواى كۆتاییهاتنى پشووه‌كانى ئێستا، ده‌ست به‌ ئاماده‌كردنى ده‌رخسته‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی قه‌ڵادزێ ده‌كرێ.

ناوده‌شتى، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆرى قوتابخانه‌ى دیکە له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی راپه‌ڕین هه‌ن پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، له‌ سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى راپه‌ڕین، نزیكه‌ى 400 قوتابخانه‌ هه‌ن، له‌ناویاندا 175 قوتابخانه‌ له‌ سنوورى پشده‌رن و 218 قوتابخانه‌ش له‌ناو رانیه‌ن.