داوا دەکرێت یەکەمەکان شوێنیان پڕبکەنەوە
نزیکەی 400 مامۆستا و فەرمانبەر ماڵئاواییان لە زانکۆی سەلاحەدین کرد
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
زانکۆ سەلاحەدین ماڵئاوایی لە نزیکەی 400 مامۆستا و فەرمانبەر کرد کە خانەنشین دەبن و لەپێناو ئەرک و ماندووبوونیان، خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەش کردن.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سلاحەدین، بە964ـی وت، “دوای بڕیارەکەی حکومەت، 396 مامۆستا و فەرمانبەر لە زانکۆکەمان خانەنشین دەبن کە 180ـیان مامۆستا و 216 کەسیشیان وک فەرمانبەر کاریان کردووە”.
“پڕکردنەوەی شوێنی بەشێک لەو مامۆستایانە زەحمەتە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین بۆ شوێنی ئەو مامۆستایانە سێ دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێنێت”، د. کامەران یونس وای وت.
هاوکات د.عومەر پەتی، مامۆستای زانکۆ، لەبارەی خانەنشینبوونیەوە وتی، “ئێمە لە زانکۆ دادەبڕێین بەڵام لە کۆمەڵگا دانابڕێین و لەدەرەوەی زانکۆ بەردەوام دەبین لەو کارانەی کە کردوومانە، من وەک خۆم پلانم هەیە چەند کتێبێک بنوسم لەبارەی دەروونناسی و کۆمەڵایەتی”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
وەزارەتى پەروەردە داوا دەکات خانەنشینى مامۆستایان دوابخرێت