تەمەنی 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت
پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە خانەنشین دەبن
964+
ژووری هەواڵ
پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خانەنشینبوون خۆى و جێگرەکەى دەگرێتەوە و دەبێت تاوەکو 31ى ئەم مانگە لە کاردابن.
شاھین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە 964ی راگەیاند، “لە ھەر شوێنێکدا فەرمانبەرێک خانەنشین بکرێت، بۆشایی لە شوێنەکەیدا درووستدەبێت و دەبێت شوێنەکەی پڕبکرێتەوە، بەو پێیەی منیش یاساکە دەمگرێتەوە، لە ئێستادا سەرقاڵی نووسینی ئەستۆ پاکیم، و تا رۆژی 31.1.2025 دەوام دەکەم، پاشان خانەنشین دەبم و دەچمە ماڵەوە و دادەنیشم”.
سەبارەت بە خانەنشینبوونی پارێزگار، شاھین حەمەڕەزا وتی، “لە ئێستادا بۆ ئەوەی ھیچ بۆ شاییەکی ئیداری درووستنەبێت، پارێزگار لە کارەکەی بۆ چەند مانگێکی دیکە بەردەوام دەبێت، ھەتا کەسێک لە شوێنەکەی دادەنرێت”.
پێشتر پارێزگاری ھەڵەبجە دوو جێگری ھەبوو، کاوە عەلی جێگری یەکەم، و شاھین حەمەڕەزا جێگری دووەمی پارێزگار بوون، بەڵام لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، کاوە عەلی لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، و تەنھا یەکێک لە جێگرەکانی مانەوە.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت جگە لە چەند چین و توێژێک.
بڕیارەکە فەرمانبەرانی لەدایكبووی ساڵانی 1963 و 1964 و 1965 دەگرێتەوە و ژمارەیەک لە فەرمانگەکانی رووبەروی کەمی راژە یان میلاک دەکاتەوە.