بوومەلەرزە وەزیری خوێندنی باڵا دەباتە بەشە ناوخۆییەکان

+964

فەهمی نەبی

وەزیری خوێندنی باڵا، بۆ رەواندنەوەی ترس و نیگەرانییەکانی خوێندکاران لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزە، سەردانی بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان و کچانی هه‌ولێری كرد.

پەڕەی فەرمیی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویکردووەتەوە، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمشەو 6ی شوبات، سەردانی بەشە ناوخۆییەکانی کوڕان و کچانی زانکۆی سەڵاحەدینی کردووە، سەردانەکە بە مەبەستی ئاگاداربوونە لە دۆخی دەروونیی خوێندکاران.

لە وێنەکان دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەردەکەوێت، لەگەڵ خوێندکارەکان نان دەخۆن.

لە هەواڵەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا ئەوەش هاتووە، سەردانەکە لێکۆڵینەوە بووە لە کەموکوڕی بەشە ناوخۆییەکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بوومەلەرزەیەکی بەهێز باكووری كوردستان و تورکیا، رۆژئاوای كوردستان و سووریای هەژاند، لەگەڵیدا لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەستی پێکرا، هاوکات هەر ئەمشەو حکومەتی هەرێم سێ رۆژ پشووی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم راگەیاند.

وێنە؛ ماڵپەڕی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی