دەربەندى گۆمەسپان
بووە بە چوارڕیانى بەتەماى خواى؛ سەدان ئۆتۆمبێل گیریانخواردووە
964+
گۆڤەند فەتاح- هەولێر
لە ئێوارەى ئەمڕۆوە، سەدان ئۆتۆمبێل لە چوارڕیانى گۆمەسپان گیریانخواردووە و بەهۆى دروستبوونى قەرەباڵغییەکى زۆرەوە رێگاکە توشى ئاستەنگى هاتوچۆ بووە.
چواڕیانى گۆمەسپان، خاڵى بەیەککگەیشتنى چوار رێگایە، رێگایەکى لە کۆیەوە دێت و یەکێکى دیکە لە ئیدارەى راپەڕینەوە، دوو رێگەکەى دیکەش لە هەنارە و هەورازە نەفتەوەن کە لە ئاراستەى هەولێرەوەن
لە ئێستادا، سەدان ئۆتۆمبێل لە چوارڕیانەکە توشى ئاستەنگى هاتوچۆ بوون، نەبوونى پۆلیسى هاتوچۆ وایکردووە جەنجاڵى دروستببێت و ئۆتۆمبێلەکان لە هەر چوارلاوە توشى تێکگیران بن.
وەک ئەوەى شۆفێران باسى دەکەن، چوارڕیانەکە بووە بە فولکەى بەتەماى خواى، پۆلیسى هاتوچۆى لێینییە و شۆفێرانیش هەریەکە و لە ئاراستەیەکەوە دێن و توشى تێکگیران دەبن.
چەند هاوڵاتییەک لە چوارڕیانەکە رۆڵى پۆلیسى هاتوچۆ دەبینن و رێنمایى شۆفێران دەکەن بۆ ئەوەى جەنجاڵییەکە کەم بکەنەوە.
لاى خۆیەوە هێمن حەمەدەمین، وتەبێژى هاتوچۆى هەولێر بە 964ـى وت،”بەگشتى لە مانگى دوو بە دواوە لە چوارڕیانەکە پۆلیسى هاتوچۆ دادەنێن، چونکە لەو کاتەوە وەرزى گەشتکردن دەستپێدەکات، بەڵام ئەوەى ئێستا هەیە رەنگە پەیوەست بێت بەوەى ئەمڕۆ کەشەکەى خۆشبووە و رۆژى پشوو بووە و خەڵکى زۆر چوونەتە دەرەوە بۆ گەشت”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح