“حكومەت بەرامبەر دۆلار كەمتەرخەم بووە”

+964
ئاودێر عومەر – سلێمانی

سەرۆكی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە هاوڵاتیان زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە، بەڵام نەبووەتە هۆی ئەوەی بازرگانی لە شارەكەدا بوەستێت، باسی له‌ كه‌مته‌رخه‌میی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش كرد.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بازرگانی بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە خەڵک زەرەرێکی زۆریان کردووە، ئێمە ئاگادارین و نوێنەرمان هەیە، پێویسته‌ حکومەتی ناوه‌ندی رێگه‌چارەیەک دابنێن و دۆلار بە نرخێکی گونجاو بدەنە بازرگانانی
 گەوره‌ و بچوکەکان، بەڵام تائێستا ئەو گۆڕانکارییە نەکراوە”.

“راستییه‌كه‌ی حکومەتی هەرێم تا ئێستا هەنگاوی نەناوە بۆ ئەو دۆخە و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئێمە خۆمان بەردەوام لەگەڵ بەغداد لەسەر هێڵین، رۆژانە بازرگانەکانمان ناوی كۆمپانیاكانیان  تۆما ردەکەن”، سیروان محه‌مه‌د وای وت.

سەبارەت بە راگرتنی حەواڵەی دۆلار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بە بیانووی بردنەدەرەوەی بۆ وڵاتانی دیكه‌ و سپیکردنەوەی دۆلار، سیروان محەمەد وتی: “ئەمە کێشەیەکی سیاسییە، هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پارەی لە حکومەتی عێراقەوە وەرنەگرتووە تا هەناردەی دەرەوەی بكات، ئەوەی وەرگیراوە لە بانکی ناوه‌ندییه‌وه‌ بووە و خراوەتەڕوو”.

نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووه‌، لەم رۆژانه‌دا نرخه‌كه‌ی گەیشتە 174 هەزار دینار، بانكی ناوەندییش لە هەوڵدایە بۆ جێگیركردنی بەهاكەی بۆ 146 هەزار دینار.