لۆگۆی مادەی 140.
چه‌كى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماده‌ى 140 له به‌غدا
خێزانه عه‌ره‌به‌كان لە بەغدا و کورد و تورکمانیش لە کەرکوک وەریدەگرن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
نووسینگه ماده‌ى 140 له كه‌ركوك داوا له ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی ئه‌م پارێزگایه ده‌كات كه بچنه به‌غدا بۆ وه‌رگرتنى چه‌كى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان، داواش له 750 خێزانى دیكه ده‌كات سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنى مامه‌ڵه‌كانیان.
ژماره‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى كه پێویسته بچنه به‌غدا بریتیه له 93 خێزان و ئه‌و ناونیشانه‌ى شارى به‌غداشیان پێوتراوه كه چه‌كه‌كانى لێ وه‌رده‌گرن.
تاوه‌كو ئێستا دابه‌شكردنى چه‌كى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خێزانه‌كانى ماده‌ى 140 له كه‌ركوك هه‌ر له‌ناو ئۆفیسی كه‌ركوكى ئه‌م ماده‌یه بووه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان گواستراوه‌ته‌وه بۆ به‌غدا.
كاكه‌ڕه‌ش سدیق، به‌ڕێوه‌به‌رى ئۆفیسی كه‌ركوكى ئه‌م ماده‌یه بۆ 964 ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه كه شوێنى دابه‌شكردنى چه‌كى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى خێزانه ئاواره‌كان گۆڕابێت.
وتیشی “ئه‌وانه‌ى ده‌چنه به‌غدا بۆ وه‌رگرتنى چه‌كى قه‌ره‌بووكردنه‌وه ته‌نیا خێزانه عه‌ره‌به‌كانن و خێزانه كورد و توركمانه‌كانیش هه‌ر له كه‌ركوك چه‌كه‌كانیان وه‌رده‌گرن”.
هاوكات، نووسینگه‌كه‌ى كه‌ركوك، ئاگادارى 750 خێزانى دیكه‌ى كردووه‌ته‌وه كه سه‌ردانى نووسینگه‌كه‌یان بكه‌ن بۆ ته‌واوكردنى مامه‌ڵه‌كانى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان.