لای ئاسایش سکاڵا کرابوو
فرۆشیارە “ئیش جوانەکەی” دهۆک دەستگیر کرا
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
فرۆشیارێکی ئۆنلاین، کە کار و ئیشی فرۆشتنی بەرهەمی جوانکاری ژنانە، دەرکەوت بەرهەمەکانی ساختەن و لەلایەن ئاسایشی گشتی دهۆک دەستگیرکرا.
هەفتەیەکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەرمانێک بڵاوبووەتەوە کە ناوی “دێمی بیک”ە، بە ئۆنلاین دەفرۆشرا و زۆرێک لەو ژنانەی داوایان کردووە، دەم و چاویان تێکچووە، دواتر لەلای ئاسایش سکاڵایان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.1.22، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی دهۆک راگەیەندرا، کە فرۆشیارەکە دەستگیرکراوە و دەست بەسەر بەرهەمەکانیشی گیراوە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش دهۆک، کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە 964ـی وت، دوای بەدواداچوونی ئاسایش و لیژنەکان، کە بەرهەمێکی جوانکاری ساختەی ژنان لە ناوبازاڕدا بڵاوبووەتەوە و بەئۆنلاین دەفرۆشرا، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی کارکردن و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، فرۆشیارەکەی لەگەڵ بەرهەمە جوانکارییەکان دەستی بەسەردا گیراوە.
ئاسایش زانیوویەتی، ئەو کەسانەی دەرمانە جوانکارییەکەیان بەکارهێناوە، دەموچاویان شێواوە یان زیان بە پێستیان گەیشتووە، ئەو سەرچاوە وتی، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، ئەو کەسە بەپێی بەندی (10) لە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2005 ی پاراستنی بەکاربەری دەستگیرکراوە و سزا دەدرێت.