"نانی ئێوارەشیان ئامادەکردووە"
شۆفێرانی تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی گردبوونەوە و چادریان ھەڵداوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک لە شۆفێرانی تانکەری گواستنەوەی سوتەمەنی لە مەرزی پەروێزخان، لەسەر رێگەی کەلار- مەرزەکە لە نزیک گوندی بان راسایی چادریان هەڵداوە و نانی ئێوارەشییان حازر کردووە و بەنیازنین ئەو شوێنە چۆڵ کەن تا جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.
حەسەن محەمەد، شۆفێرێکی تانکەرە و بەشدارە لە گردبوونەوەکە بە 964ـى وت، ”داواکاریەکانی ئێمە ھەقی خۆمانە، کرێی گواستنەوەی سووتەمەنی زۆر ھەرزانە دەمانەوێت نرخەکەی زیاد بکرێت بەو شێوەیە بۆمان دەرناھێنێت”.
“داواکاریەکی دیکەمان ئەوەیە لە دیوی ئێرانەوە ئاسانکاریمان بۆ بکرێت، کاتێک بارەکانمان بەتاڵ دەکەین ئێران ناھێڵێت تاکو سێ رۆژ بێینەوە کوردستان، دەمانەوێت راستەوخۆ بگەڕێینەوە ناو ماڵ و منداڵمان”، حەسەن محەمەد وای وت.
شۆفێراکان لە نزیک گوندی بان راسایی چادریان ھەڵداوە و نانی ئێوارەشیان ئامادەکردووە، حەسەن محەمەد وتیشی، ”ئامادەنین کۆتایی بە گردبوونەوەکەمان بھێنین تا داواکاریەکانمان جێبەجێدەکرێت، تا ئێستاش ھیچ کەسێک بەدەم داواکانمانەوە نەھاتووە”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر