دیمەنی بینای هۆڵی رۆشنبیری رانیە وێنە: بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین
"خەونی لەمێژینەی رۆشنبیران و هونەرمەندانی دەڤەری راپەڕین دێتەدی"
لە داهاتویەكی نزیكدا هۆڵی رۆشنبیری رانیە دەكرێتەوە
964+
ژێوار خدر
هۆڵی رۆشنبیری و هونەری رانیە سەرجەم کارەکانی تەواوبووە و تەنیا چەند وردەکارییەکی کەمی ماوە و لە ماوەی دوو هەفتەدا بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە.
بۆ یەکەمجارە هۆڵێکی لەم شێوەیە لە دەڤەری راپەڕین دەکرێتەوە
هیوا مستەفا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری راپەڕین بە 964ـی وت، لە ساڵی 2018ەوە دەستکرا بە دروستکردنی هۆڵەکە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەهۆی قەیرانی داراییەوە کار کردن لە پڕۆژەکە وەستا و لە ساڵی 2024 دەستکرایەوە بە کارکردن تیایدا و ئێستا تەواو بووە و ئەو بودجەیەی بۆ دروستکردنی هۆڵەکە تەرخانکراوە دوو ملیۆن و 643 ملیۆن دینارە.
وتیشی، چەند وردەکارییەکی کەم ماوە بۆ هۆڵەکە بکرێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا بە مەراسیمێک هۆڵەکە دەکەینەوە و ئەم هۆڵە خەونی لەمێژینەی رۆشنبیر و هونەرمەندانی راپەڕینە و بۆ یەکەم جارە هۆڵی لەم شێوەیە لە دەڤەرەکە بکرێتەوە کە توانای لەخۆگرتنی 480 کەسی هەیە.
روونیشیکردەوە، هۆڵەکە سیستمی رووناکی و دەنگییەکی زۆر پێشکەوتوو و سەردەمییانەی بۆ دابینکراوە و لەلایەن ستافێکی شەش کەسییەوە چاودێری دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، داوایانکردووە کە سیستمێکی سینەماییش بۆ هۆڵەکە دابینبکرێت و رەزامەندی سەرەتاییشییان وەرگرتووە، بەڵام نازانن کەی دابین دەکرێت.
هۆڵەکە کەوتووەتە گەڕەکی راپەڕینی شاری رانیە و دیبەیت و دیداری شیعری، فێستیڤاڵی موزیک و شانۆیی و سینەمایی تیادا ئەنجامدەدرێت.