ئەی شارەوانی ئیشی چییە؟

بۆن و دوکەڵی خۆڵ و خاشاک گەڕەکێکی شیلادزێی بێزار کردووە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دوو مانگە لە ناحیەی شێلادزێ، “هەست دەکرێ کارمەندەکانی شارەوانی زبڵ و خاشاک لە نزیکی ماڵەکان فڕێ دەدەن”، بۆن و دوکەڵ لە نزیک ماڵەکان بەرزدەبێتەوە، سەرۆکی شارەوانی شێلادزێ بە 964ی وت، هەندێکجار گرفت لە بارهەڵگرەکان، وا دەکات خۆڵ نزیک لە ماڵەکان فڕێ بدرێ.

بە گوێرەی بەدواداچونێکی 964 لە گەڕەکی ترێژانێ لە ناحیەی شێلادزێ لە سنووری قەزای ئامێدی دەری خست، هاوڵاتیان گلەیی دەکەن لە بوونی بۆنی زبڵ و خاشاک و دەترسن تووشی نەخۆشی ببێنەوە بەهۆی بۆنەکەوە، تاکە داواشیان ئەوەیە هەر زوو کێشەکە چارەسەر بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 21.1.2025، یونس رێکانی، دانیشتووی گەڕەکی ترێژانێیە لە ناحیەی شێلادزێ بە 964ـی وت، چەندجارێکە دەبینین، زبڵ و خاشاک لە نزیک ماڵەکانمان فڕێدەدرێت، دوای ئەوە دەسوتێنرێ و بۆنێکی ناخۆش و دوکەڵ بەسەرماڵمان دێت و دەترسێین توشی نەخۆشی ببین.

سەربەست حسێن، سەرۆکی شارەوانی شێلادزێ بە 964ـی وت، بە بەردەوامی زبڵ و خاشاکی ناحیەکە بە بارهەڵگرە رەوانەی کارگەی زبڵ و خاشاک لە کۆمەڵگەی قەدیش دەکرێ، بەڵام هەندێک جار کێشەی تەکنیکی لە بارهەڵگرەکان و کارگە روودەدات و زبڵ و خاشاکەکە نزیکی ئەو گەرەکانە کارمەندەکانمان فڕێ دەدەن.

وتیشی، بەهیچ شێوەیەک کارمەندی شارەوانی زبڵ و خاشاکەکە ناسووتێنێت، هەندێک کەسی نەناسراو دێنە شوێنەکە و دەسووتێن و ماددەی ئاسن لەناو دەردەهێنن و دەیفرۆشن، پێشتریش دوو کەسی هاوشێوەمان ئاشکرا کردووە و رادەستی پۆلیسی ناحیەکەمان کردووە و سزادراون.

نزیکەی 200 ماڵ لە گەڕەکی ترێژانێ لە ناحیەی شێلادزێ نیشتەجێن، ماوە بۆ ماوە  گرفتی زبڵ و خاشاک لەو گەڕەکە دروست دەبێت و خەڵک لە بۆن و بڵاوبوونەوەی دوکەڵ نیگەرانن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

ژنێكی شیلادزێ 4000 به‌ڕوو بۆ سه‌وزكردنى چیاى مه‌قلوب د...

ژنێكی شیلادزێ 4000 به‌ڕوو بۆ سه‌وزكردنى چیاى مه‌قلوب دابین ده‌كات