دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی شەش ساڵان لە رۆژهەڵات دەنگدانەوەی لێکەوتەوە
"تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر کراوە"
دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی شەش ساڵان لە رۆژهەڵات دەنگدانەوەی لێکەوتەوە
964+
شۆڕش قادری
دەستدرێژی کردنەسەر کچێکی شەش ساڵان لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتووەتەوە و داواکاری گشتیی ورمێـش دەڵێت، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیر کراوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە شاری بۆکانی سەربە پارێزگای ورمێ، کچێکی تەمەن شەش ساڵ بەناوی نیان چەلەبیانی لەلایەن باوکییەوە گەیەنرایە بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شارەکە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەدان بە جەستەیەوە دیاربووە، دوای رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دواتر دەرکەوت کە ئەو منداڵە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و ئازار و ئەشکەنجە دراوە، ئەوەش دەنگدانەوەی گەورەی لە شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری ناسر عەتەباتی داواکاری گشتیی پارێزگای ورمێ بڵاویکردووەتەوە، “ئەو کەسەی دەستدرێژی کردووەتەسەر منداڵەکە، برای ژنێکە کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ باوکی منداڵەکە هەبووە و دەستگیر کراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ژنە و براکەی لە منداڵەکیان داوە و ئازار و ئەشکەنجەیان داوە بۆ ئەوەی نهێنی پەیوەندیی لەگەڵ باوکی، ئاشکرا نەکات.
بەپێی زانیارییەکانی 964 زیاتر لە ساڵێکە دایک و باوکی ئەو منداڵە لەیەکتر جیابوونەتەوە کە نیشتەجێی گەڕەکی کەلهوڕ ئاوای بۆکانن، ئەو کەسەشی دەستدرێژی کردووەتەسەر منداڵەکە، کوڕێکی تەمەن 19 ساڵی خەڵکی سەقزە، جگە لەو کوڕە، باوکی منداڵەکە و ئەو ژنەش کە پەیوەندی لەگەڵی هەبووە، دەستگیر کراون.