لە کاتى دزییەکەدا
دزە بێ ئەزموونەکە بە 30 خولەک دەستگیرکرا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
شەوى رابردوو، دزێکى گەنج لە شارى زاخۆ لە کاتى دزىنى دوو دەفتەر دۆلار، پۆلیس گەیشتە سەرى و هێشتا بە تەواوى بۆنى پارەکەى نەکردبوو کە کەلەپچە کرایە دەستەکانییەوە.
رووداوەکە شەوى رابردوو کاتژمێر 11:00ـى شەو روویداوە، ئەوەش وەک یەکەم حاڵەتى دەستگیرکردنى تۆمەتبارى دزیکردنە لە ساڵى 2025 دا.
ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە 964ـى وت،”تاوانەکە لەلایەن گەنجێکەوە کراوە و دوو دەفتەى دۆلارى لە قاسەیەک بردووە، بەڵام دواى 30 خولەکە لە لێکۆڵینەوە، توانیمان تۆمەتبار دەستگیر بکەین”.
ئاشکراشى کرد، تۆمەتبار هێشتا پارەکەى دەرنەهێنابوو کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا، پارەکەش لاى پۆلیس پارێزراوە و تۆمەتباریش رادەستى دادگا دەکرێت.
بە وتەى پۆلیسى زاخۆ، ئەمە دەبێتە یەکەم رووداوى دزیکردن لە ساڵى 2025 کە لە سنوورى ئیدارەى زاخۆ تۆمەتبارەکەى دەستگیرکرابیت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح