بەشە بەنزینی ئۆتۆمبێلەکانی خانەقین زیادکرا

964+

راژان باجەلان – خانەقین

لە قەزای خانەقین بەشە بەنزینی خاوەن ئۆتۆمبێلەكان زیاد دەكرێت، بۆ هەر شۆفێرێک 10 لیتر دەخرێتە سەر ئەو بڕە بەنزینەی هەفتانە بە کۆبۆن پێیاندەدرێت.

ئەندازیار سەرمەد خەلیل، بەڕێوەبەری  فەرمانگەی بەرهەمه نەوتییەکانی خانەقین بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە كۆبۆنی ژمارە 10وە، كە لە 9/2/2023وە كارا دەبێت، بەشە بەنزینی هەر ئۆتۆمبێلێك لە 40 لیترەوە زیاد دەكرێت بۆ 50 لیتر.

ئەم بڕیارە سەرجەم بەنزینخانەکانی قەزای خانەقین دەگرێتەوە و بۆ هەر لیترێک بەنزین 450 دینار وەردەگیرێت.

ماوەی سێ ساڵە لە خانەقین دابەشکردنی بەنزین کراوە بە سیستەمی کۆبۆن و بەم شێوەیە رێگری دەکرێت لە گواستنەوەی بەنزین لە خانەقینەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە لە بازاڕەكاندا بە نرخێكی گرانتر دەفرۆشرا.

قەزای خانەقین بە گشتی خاوەنی چوار بەنزینخانەی حكومی و 23 بەنزینخانەی ئەهلییە، كە یەک بەنزینخانەی حكومی و حەوت دانەی ئەهلییان لە ناو شاری خانەقینە.