کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە هەولێر - وێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر
"200 سەگ کۆکراونەتەوە"
شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی چڕی بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێ لانە دەستپێکردووە
964+
شۆڕش قادری
شارەوانی هەولێر هەڵمەتێکی چڕی بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێ لانەکان دەستپێکردووە و هەر شوێنێکیش پێویستی هەبێت، بۆی دەڕۆن و سەگەکانی لێ دوور دەخەنەوە.
مەریوان حاکم هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە 964ـی وت، “هەڵمەتەکانمان بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێ لانەکان بەردەوامە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێزی هەولێر هەڵمەتێکی چڕمان دەستپێکردووە و هەر شوێنێکیش پێویست بکات و داومان لێ بکەن، دەچین و سەگەکانی لێ دوور دەخەینەوە”.
“لە گەڕەکەکانی کەورگۆسک و بەحرکە و شەمامک و دارەتوو و چەند شوێنێکی تر ژمارەیەکی زۆر سەگی بەڕەڵا کۆکراونەتەوە و رادەستی شێڵتەر کراون”، مەریوان حاکم هادی وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەگەکان لە شێڵتەر نەزۆک دەکرێن و ئەگەرچی جاران دوای نەزۆک کردن و ڤاکسین لێدان، بەڕەڵا دەکرانەوە، ئێستا ئازاد ناکرێن و هەر لەناو شێڵتەر دەمێننەوە.
لەوبارەیەشەوە حەسەن ئیسماعیل بەڕێوەبەری شێڵتەری حکومیی هەولێر بە 964ـی وت، “دوای دەستپێکردنی هەڵمەتەکەی شارەوانی هەولێر و لە دوو سێ رۆژی رابردوودا 200 سەگمان بۆ هاتووە”.
باسی لەوەشکرد، لە 27.9.2023 تا کۆتایی ساڵی 2024، 13 هەزار سەگیان لەناو شاری هەولێر و 785 دانەشیان لە دەورووبەری هەولێر کۆکردووەتەوە.
دەربارەی بەڕەڵا کردنەوەی سەگەکان، حەسەن ئیسماعیل وتی، “پێشتر دوای نەزۆک کردن و ڤاکسین لێدان، سەگەکانمان دەبردە دەرەوەی هەولێر و ئازادمان دەکردن، بەڵام بۆ ساڵی تازە، تا ئێستا بڕیارمان نەداوە”.