لەگەڵ قەڵاى هەولێر

کۆنترین حەمامى هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە

964+

وریا فەتاح

نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بەردەوامە و ئێستاش شەقامی سەرەکیی قەڵا و ژمارەیەك کۆڵان بە شێوەیەکی ستانداردی کەلەپووریی جیهانی، کە بۆ شوێنە مێژووییەکان دەکرێت، لە قۆناغی کۆتاییە و لە ئاییندەشدا چایخانەیەکی کولتووری، هۆتێل و چێشتخانەیەك لەسەر قەڵا دەکرێنەوە.

کۆنترین حەمامى هەولێریش، کە لە قەڵاى هەولێرە نۆژەن دەکرێتەوە و حکومەتى ئەمریکا پارەى نۆژەنکردنەوەکەى دابینکردووە.

لە بارەی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا، ئەندازیار فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بە وەکالەت رایگەیاند، تا ئێستا 10 هەزار و 600 مەتر چوارگۆشە لە شەقامی سەرەکیی قەڵا و بەشێک لە کۆڵانەکان بەردڕێژ کراون و پڕۆسەکەش لە قۆناغی کۆتاییە.

وتیشى، “لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆتایی بە پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی حەمامی قەڵا دێت، کە کۆنترین حەمامی هەولێرە و لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە پشتیوانیی دارایی دەکرێت”.

وەک باسى دەکات، لە قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی شەقام و بەشێک لە کۆڵانەکانی قەڵای هەولێر، کورسیی دانیشتن و رووناکی بۆ شەقامی قەڵا و کۆڵانەکان دابندرێن و ژمارەیەک دار بچێندرێن، هەروەها پلانیش هەیە لە کاتێکی نزیکدا گۆڕەپانی بەردەم دەرگای سەرەکیی قەڵا نۆژەن بکرێتەوە و بەردڕێژ بکرێت.

لە بارەى خانووە کۆنەکانیشەوە، فەلاح حەسەن دەڵێت: پلان هەیە خانووەکانی قەڵا نۆژەن بکرێنەوە و چایخانەیەکی کولتووری و چێشتخانە و هۆتێلێكیش لە قەڵا دروست بکرێن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە دەرگای پێشوازی بەڕووی گەشتیاراندا بکاتەوە و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە جگە لە کردنەوەی لە رۆژدا، بڕیار وایە شەوانیش دەرگای قەڵا بەڕووی گەشتیاران و سەردانیکەران بکرێتەوە.

قەڵای هەولێر لە 506 خانوو پێکهاتووە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لیستی کەلەپووری جیهانی دانراوە و وەك کۆنترین ناوچەی جیهان کە ژیانکردن تیایدا بەردەوامە، ناسێندراوە.

بە گوێرەی سەرچاو مێژووییەکان، ماوەی شەش هەزار ساڵە ژیانکردن لە قەڵای هەولێر بەردەوامە، قەڵاکە دەکەوێتە ناو جەرگەی هەولێر و رووبەرەکەی 110 هەزار مەتردووجایە و کۆکەرەوەی شارستانییە کۆنەکانی مێژووە و ناوەندێکی سەرەکیی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە لە جیهان.

لە قەڵاى هەولێر دراوى سەردەمى هۆلاکۆ دۆزرایەوە

لە قەڵاى هەولێر دراوى سەردەمى هۆلاکۆ دۆزرایەوە