لە ئۆگەنداوە بۆ عێراق
عێراق سەرۆکایەتیی گرووپێکی وەرگرت و بەڵێنیش دەدات
964+
ئەحمەد مستەفا
عێراق سەرۆکایەتیی گرووپی G77-ی وەرگرت، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێت، درک بەو بەرپرسیارتییە دەکەن، هەوڵدەدەن لەو رێگایەوە بەرەنگاریی هەژاریی ببنەوە.
گرووپی G77 لە ساڵی 1964 لە میانەی کۆنگرەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان لە جنێف-ی سویسرا دامەزراوە، 134 وڵات تێیدا ئەندامن.
ساڵی رابردوو کۆماری ئۆگەندا سەرۆکایەتیی گرووپەکەی لابوو، ئەمساڵ لای عێراق دەبێت، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتارێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، درک بە گرنگی ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەین کە لە ئەستۆیان نراوە، لەو رێگایەوە هەوڵدەدەن و کاردەکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەندامانی گروپەکەدا.
ئەو باسی لەوەکرد، لە میانەی سەرۆکایەتیی گرووپی G77، سەرنجیان دەخەنەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، باشترکردنی لایەنی پەروەردە و تەندروستی، بەهێزکردنی هاوکاری نێودەوڵەتی، هەروەها پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەرییانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوا دەخرێنەڕوو.