موچەو وەزعی سوریا و نەوتە وەستاوەکە
دوو رۆژ لە بەغدا.. 15 کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم چی لێ سەوز دەبێت؟
964+
ژووری هەواڵ
ئەگەر هەموو شتێک باش بڕوات رەنگە ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا زۆر گرێ و گۆڵە بکاتەوە و کۆمەڵێک کێشەی عاسی و زەحمەت بەرەو چارەسەر ببات، بە حیسابی سەرۆکایەتی هەرێم هەموو دیدارەکان ئەنجامیان باش بووە و قسەی باشیان تێدا کراوە.
رۆژی یەکشەممە 12.01.2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا، ئەو رۆژە کۆبوونەوەیەک و رۆژی دوای ئەویش (14) کۆبوونەوەی یەک لە دوایەکی کرد و زۆربەی هەرە زۆری قسە رۆیشتووەکانی عێراقی بینی، زۆربەشیان قەولیان پێداوە دەوری خێر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا.
قسە رۆیشتووەکانی عێراق
ئێوارەی یەکشەممە لە بەغدا کۆبوونەوەی (هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) هەبوو، ئەمە ئەو کۆبوونەوەیەیە کە ناوە ناوە دەکرێت و بڕیاربەدەستانی عێراق لێی کۆدەبنەوە، چونکە حکومەتی عێراق لەم هێزانە پێکهاتووە و کۆبوونەوەکەش بۆ کەسی یەکەمی ئەو هێزانەیە تا بڕیارێک لە چارەنووسی دۆخەکە بدەن، لەو کۆبوونەوەیە نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی دەکرد.
بەپێ راگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێم ”سهرۆك نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى جهختكردنهوه له ماف و شايسته ياسایى و دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستان، ستايشى رۆڵى بهڕێز سهرۆك وهزيران ئهلسوودانى كرد كه له ماوهى ساڵى رابردوودا كارى كردووه بۆ لێكگهيشتنى ههولێر ـ بهغدا و هيواى خواست ههموو پرسهكان به گفتوگۆ، چارهسهر بكرێن”.
رۆژی چواردە کۆبوونەوەکە
بۆ رۆژی دووەم سەرۆکی هەرێم دانە دانەی ئەو بەرپرسانەی بینیووە کە لەکۆبوونەوەکەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوون لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تر کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیان نەکردبوو.
لە کۆبوونەوەکان باسی حەق و حیسابی موچەخۆرانی هەرێم کراوە
گرنگترین دیداریان ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بوو، چونکە زۆربەی هەرە زۆری کێشەکانی هەردوولا پەیوەستە بە حەق و حیسابی موچەخۆرانی هەرێمەوە، سەرۆکایەتی هەرێم لە سەر سایتەکەیان نوسیویەتی ”پاراستنی بەرژەوەنديی هاوڵاتییان و باشترین رێگەکان بۆ رێکخستنی پابەندييهكانى نێوان حکومەتی فیدراڵ و حكومهتى هەرێمى كوردستان” کرۆکی قسەکانیان بووە.
مەلەفی هەقی دارایی و موچەی فەرمانبەران سەرۆکی هەرێم لەگەڵ خۆی بردی بۆ کۆبوونەوەکەی لەگەڵ لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت ”سهرۆک نێچیرڤان بارزانی داکۆکی له پێویستیی دابینکردنی شایسته داراییهکانی ههرێمی کوردستان لهلایهن حکوومهتی فیدراڵهوه کرد و دووپاتی کردهوه که لێکگهیشتن و چارهسهری کێشهکان، یارمەتیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ههردوولا دهدات”.
دوای بەغدا رەنگە سوریا بێت
ئەگەر دیقەت لە هەموو راگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بدەیت کۆبوونەوە نییە دەستەواژەی (پێشهاتەکانی ناوچەکە، دۆخی سوریا، لێکەوتەکانی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاڵنگارییە نوێیەکان) تیا بەکار نەهاتبێت.
بەو راگەیەندراوانەدا دیارە سەرۆکی هەرێم و بەرپرسە عێراقییەکان قسەو باسی وردیان لەسەر دۆخە تازەکەی سوریا کردووەو لەوەیان کۆڵیوەتەوە چی بکەن و چی نەکەن.
رەنگە سەرۆکی هەرێم بچێتە قامیشلۆ و دیمەشق
کەسە نزیکەکانی سەرۆکی هەرێم لە چەند بۆنەیەکدا وتوویانە نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان هەیەو لای تورکیا قسەی دەڕوات و حکومەتی تازەی سوریاش گوێی لێدەگرن، خۆ ئەگەر ئەمە وابێت رەنگە بتوانێت لە دۆخە تازەکەی سوریا بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کوردەوە قسەیەکی خێری هەبێت، لەچەند رۆژی رابردووش چەند جارێک دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی سەردانی قامشیلۆو دیمەشق دەکات، بەڵام هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی ئەمەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
پێکەنینی ناو وێنەکان
هەموو ئەو وێنانەی کە لە سایتی سەرۆکایەتی هەرێم داندراون وای نیشان دەدەن کە دانیشتنەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان دۆستانە بووەو قسەی خۆش و پێکەنینی تێدابووە، هەرچەندە بەشێکیان لەو بەرپرسانە بوون کە قسەی توندیان لەسەر هەرێم هەیە، خۆ ئەگەر وێنەکان رەنگدانەوەی واقیعی کۆبوونەوەکە بن ئەوا رەنگە ئەنجامەکەیان باش بێت.
لە راگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمدا هەمووی جەختکردنەوەیە لە ”یەکڕیزی، یەکدەنگی، هەماهەنگی” بەپێی ئەمانە بێت ئەبێت کۆبوونەوەکان باشە بشکێنەوەو دەروویەکی خێر لەوەزعی فەرمانبەرانی هەرێم بکەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی خۆی بەینی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە عێراقییەکان باشەو کەسە نزیکەکانیشی دەڵێن لەوێ گوێی لێدەگیرێت و بە قسەی دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی خۆی بەینی لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە عێراقییەکان باشە
نەوتە وەستاوەکە کەی دەکەوێتەوە گەڕ؟
نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا وەستاوە، رۆژی 25.03.2023 قوفڵێک لە بۆرییەکەی هەرێم دراو لەو کاتەوە کارناکات.
دوور نییە ئەم سەردانانە رێگە خۆش بکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
هەرچەندە چەندجارێک بەرپرسانی هەرێم و عێراق باسیان لە زیانەکانی وەستانی نەوتی کوردستان کردووەو دەڵێن تائێستا چەند ملیار دۆلارێکە، بەڵام هیچ بڕیارێک نییە ئاخۆ بۆرییەکەی نەوتی هەرێم دەکەوێتەوە کار یان نا.
رۆژی 07.01.2025 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە ئەنقەرەو لەوێ رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆمارو هاکانی فیدانی وەزیری دەرەوەی بینی، بەپێی راگەیەندراوەکانی حکومەت ”گفتوگۆ لەبارەی برهودان به پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستان و تورکیا و دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە کراوە”.
هەرچەندە لابەلا دەوترا کە بەشێکی ئەو سەردانە پەیوەستە بە قسەکردن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام راگەیەندراوە فەرمییەکان ئەوەیان تێدا نەبوو، بەڵام هەر رۆژێک دوای گەڕانەوەی لەسەردانەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کردو یەکێک لە باسە گەرموگوڕەکانی ناو کۆبوونەوەکە ” نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت” بوو، وەک ئەوەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئاماژەی پێداوە.
نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسکرا
ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمیش بۆ بەغدا رێک دوای پێنج رۆژ لەسەردانەکەی سەرۆکی حکومەتە بۆ تورکیاو قسەیەک هەیە لەسەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بەغدا مشوورێکی هەناردەکردنەوەی نەوتی خواردبێت، بەڵام هیچی رەسمی لەم بارەیەوە نییە.
سەرۆکی هەرێم کێی بینی؟
– لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق
– محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران
– مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان
– فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری
– جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای فیدراڵی
– نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا
– حەیدەر عەبادی، سەرۆکی نەسر
– هادی عامری، ئەمینداری بەدر
– عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە
– قەیس خزعەلی، ئەمینداری عەسائیب
– خەمیس خەنجەر، سەرۆکی سیادە
– موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی ئەساس
– موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی عەزم
– عەبدولسادە فرێجی، سەرۆکی نەهجی نیشتیمانی