راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا:

ئەم هەفتەیە بڕیاری ئاگربەست لە غەززە رادەگەیەندرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا جەیك سۆلیڤان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە رێككەوتن بكرێت و ئاگربەست لە غەززە رابگەیەندرێت.

جەيک سۆلیڤان ئەمڕۆ دووشەممە 13.1.2025 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانوستەكانی راگرتنی شەڕ و ئاگربەست لە كەرتی غەززە گەیشتووەتە خاڵێكی یەكلاكەرەوە.

سۆلیڤان لە كۆشكی سپی قسەی بۆ میدیاكان دەكرد، “زۆر نزیكین لە رێككەوتن بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوئاهەنگكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقت لە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا برێت ماكگۆرك و نێردراوی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دۆناڵدۆ ترەمپ، ستیڤ ویتكۆڤ.

جەیک سۆلیڤان ئاشكرای كرد، پێشینەی كارەكانی ئیدارەی سەرۆك بایدن و ئیدارەی داهاتووش ئەوەیە، خانەوادەی بارمتەكانیان بۆ بگەڕێتەوە، جا زیندووبن یان مردوو، هەروەها چاومان لەسەر ئەوەیە سەرجەم بارمتە ئەمریكییەكانیش لە ناو ئازادكراوەكاندابن”.

“پێموایە ئەمجارە لە هەركاتێكی دیكە زیاتر لە رێككەوتن و ئاگربەست لە غەززە نزیكین، پێشكەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە، بە تایبەتی لە بابەتی گۆڕینەوەی بارمتە و گیراوەكان و بارودۆخی هێزەكان لەسەر زەوی”، ئەمەش بەشێكی دیكەی قسەكانی سۆلیڤانی راوێژكاری ئاسایشی ئەمریكایە.

لە 7.10.2023ـەوە شەڕ لە نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و ئیسرائیل دەستیپێكردووە و تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار كەس لە غەززە و بە سەدانیش لە ئیسرائیل كوژراون و بە هەزاران برینداریش هەن، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی زۆری كەرتی غەززە وێران بووە.

هاوكات هەر بەهۆی كاریگەرییەكانی شەڕەكە، بەرەی شەڕ لە یەمەن و لوبنان و بەشێكی سوریا كرایەوە، هەرچەندە لە لوبنان شەڕەكە وەستا، بەڵام كاریگەرییەكانی هەر بەردەوامن.

فەلەستین: ئیسرائیل 75٪ی غەزەی وێرانکردووە

فەلەستین: ئیسرائیل 75٪ی غەزەی وێرانکردووە