کوشتن نا بەس لێدانی تێدایە
سکوید گەیم لە سلێمانی دووبارە دەکرێتەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانی
زنجیرەی بەناوبانگی کۆریی “سکوید گەیم” جیهانی سەرقاڵکردووە و خەریکە لە کوردستانیش دەبێتە راستی و لە سلێمانی دووبارە دەکرێتەوە، ئاسایشیش رێگای پێنادات.
کەسێک بەناوی رێبەر هادی دوای نمایشکردنی وەرزی دووەمی سکوید گەیم هەستاوە بە ئەنجامدانی چالاکیەک بۆ دووبارەکردنەوەی یاریەکە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، بیرۆکەکەم لە هەمان زنجیرەوە وەرگرتووە، تا ئەم ساتە زیاتر لە 200 کەس ناویان نوسیوە، فۆڕمێک بە یاریزانەکان پڕ دەکرێتەوە، هەر یاریزانێک دەربکرێت، ئەگەر یاریەکە بەجێنەهێڵێت ئەوا توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت.
964 سۆراغی کرد تائێستا هێزە ئەمنییەکان ئاگاداری ئەم چالاکییە نین، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە 964ی وت، پێش ئامادەکاری بۆ هەر چالاکیەک پێویستە رەزامەندی وەربگیرێت، ئەگەر نا رێکار بەرامبەریان دەگرێتە بەر، بۆ رێگریکردن لە چەواشەکاری هاوڵاتیان و رێگەنەدان بە قۆڵبڕین و عەزێت دان.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح