چیتر بۆ پشکنین ناچنە دهۆک
زاخۆ دەبێتە خاوەن سەنتەری پشکنین و دەستنیشانکردنی شێرپەنجە
+964
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
زاخۆ دەبێتە خاوەن سەنتەری پشکنین و دەستنیشانکردنی شێرپەنجە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.1.2025، لەناو بینای نەخوشخانەی گشتیی زاخۆ، بەردی بناغە بۆ سەنتەری دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پێشوەختە و چارەسەری بەپەلە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.
پێشتر بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی شێرپەنجە هاوڵاتیانی زاخۆ ناچاردەبوون بچنە دهۆک، بەڵام دوای ئەم هەنگاوە لە زاخۆ پشکنینیان بۆ دەکرێت و هەر لەنەخوشخانەی زاخۆش چارەسەر وەردەگرن.
پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای بەهراڤی بە گوژمەی 280 ملیۆن دینار دروستدەکرێت.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ی وت، “هیواخوازم کەس پێویستی بە چارەسەر و پشکنین نەبێت، بەڵام ئەگەر خوا نەخواستە کەسێک گومانی شێرپەنجەی هەبوو دەتوانرێت بەپەلە پشکنینی بۆ بکرێت و جۆرەکەی دەستنیشان بکرێت و چارەسەر وەرگرێت”.
سەنتەرەکە لەلایەن تیمێکی تایبەت بەڕێوەدەبرێت و ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکەش 200 رۆژە و دوای ئەو ماوەیە دەکەوێتە خزمەت هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی زاخۆدا، گوهدار شێخۆ وای وت.
ئەمە دوای ئەوە دێت پێش ساڵ و نیوێک بە فەرمی بەشی چارەسەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ کرایەوە و ئێستا لەوێ چارەسەر وەردەگرن، پێشتر خەڵکی سنووری ئیدارەی زاخۆ بەناچاری سەردانی دهۆکیان دەکرد بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی جۆر و ئاستی شێرپەنجەکە.
پێداچوونەوە: هاوبەش