رێگاى چوون بۆ سلێمانى بەسەریاندا داخراوە

دانیشتوانى قەڵادزێ و رانیە لێیان قەوما

964+

وریا فەتاح

دانیشتوانى ئیدارەى راپەڕین و بەشێکى ئیدارەى سۆران، لە دوو رێگاوە دەچنە سلێمانى، یان رێگەى چوارقوڕنە بۆ دوکان، یان رێگەى بنگرد بۆ دوکان، بەڵام ئێستا هەردوو رێگەکە داخراون.

کرێى سەرنشین لە قەڵادزێوە بۆ سلێمانى لە 12 هەزار دینارەوە بووە بە 15 هەزار

ماوەى شەش رۆژە، دانیشتوانى خەلەکان و گوندەکانى دەورووبەرى، لە کانى وەتمان خێوەتیان هەڵداوە و رێگاى چوارقوڕنە بۆ دوکانیان گرتووە، سێ رۆژى یەکەم رێگاکە تەنیا بەڕووى بارهەڵگراندا داخرابوو، بەڵام سێ رۆژى دووەم رێگاکە بە تەواوەتى داخرا.

گەیشتن بە سلێمانى لە قەڵادزێ و رانیەوە شۆفێرانى ناچارکرد رێگەى بنگرد بۆ دوکان بەکاربهێنن، بەڵام ئەمڕۆ دانیشتوانى بنگردیش گردبوونەوە و رێگەکەیان داخست، بەمەش دوو رێگاى سەرەکى گەیشت بە سلێمانى، بەڕووى هاوڵاتیانى رانیە و قەڵادزێدا داخراوە.

هاوکار عەلى، سەرپەرشتیارى گەراجى قەڵادزێ بۆ سلێمانى بە 964ـى وت،”هاتوچۆ لە هەردوو رێگەکەوە پەکى کەوتووە، ئێستا تەنیا یەک رێگە ماوە، ئەویش دوورە و کرێ لەسەر سەرنشین زیاد دەکات”.

قەڵادزێ بۆ دووکان رێگاى 45 بۆ یەک کاتژمێرە، بەڵام بە وتەى هاوکار عەلى ئێستا بە ناچارى دەبێت بچنەوە کۆیە و لەوێوە بۆ دووکان، ئەوەش یەک کاتژمێر رێگەکەیان دوور دەکاتەوە.

ئاشکراشى کرد، کرێى سەرنشینیان لە 12 هەزار دینارەوە کردووە بە 15 هەزار دینار، تەنانەت بەشێکى هاوڵاتیان و شۆفێرانیش ئەگەر ناچار نەبن ناچن بۆ سلێمانى.

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەرى ناحیەى خەلەکان قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”شەش رۆژە هاوڵاتیان گردبوونەتەوە و کەس بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەهاتووە، ئەوانیش ناحەقیان نییە و خەڵکى ئەو سنوورە قوربانى دەستى خراپى ئەو رێگەیەن”.

ئەو پڕۆژەیەى 13 ساڵى رەبەقە تەواو نەبووە، جارێکى دیکە ک...

ئەو پڕۆژەیەى 13 ساڵى رەبەقە تەواو نەبووە، جارێکى دیکە کارکردن تێیدا راگیرا