زیاتر لە هەزار بیر دادەخرێن

“شەش مانگی تر هەولێر تێرئاو دەبێت و کێشەی کەمئاوی نامێنێت”

964+

شۆرش قادری

چەند ساڵێکە هەولێر بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، بۆیە لایەنی پەیوەندیدار کەوتۆتەخۆ و دەیەوێ تا شەش مانگی تر کێشەی کەمئاوی لە سەرتاسەری شارەکە چارەسەر بکات، زیاتر لە هەزار بیریش دادەخات.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی حکومەتی هەرێم بە 964ـی وت، “30٪ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو لە هەولێر تەواو بووە و پێشبینی دەکەین تا شەش مانگی دیکە تەواو ببێت، بە تەواوبوونی، ئاو دەگاتە تەواوی شاری هەولێر و بە یەکجارەکی کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی دێت”.

“بەجێبەجێ کردنی پڕۆژەکە، لە کۆی 1350 بیر، زیاتر لە هەزاریان کە چەند گەڕەکێکی هەولێر بۆ ئاو پشتیان پێبەستووە، دادەخرێن و لەبری بیرەکان، ئاوی پرۆژەی فریاگوزارییان پێدەگات”، ئاری ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆژەیە بۆ هەر کاتژمێرێک 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدێنێت کە رۆژانە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا، لەگەڵ ئەوەی 1500 مەتر سێجا ئاو لە پرۆژەی ئیفرازی یەک، 2250 مەتر سێجای دیکە لە ئیفرازی دوو، 9 هەزار مەتر سێجاش لە ئیفرازی سێ دەبنە هاوبەشی پرۆژەی فریاگوزاری ئاو بۆ شاری هەولێر.

بە قسەی ئاری ئەحمەد، پرۆژەی فریاگوزاری ئاو، لە سنووری شارەوانییەکانی،( 2-3-4-5-6)، جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی ئەوەیە، دوای تەواوبوونی لەگەڵ گەیشتنی یەکەم بڕی ئاو، دەستبەجێ بڕە ئاوەکە بگاتە نێو تەواوی تۆڕەکانی ئاو لە شاری هەولێر و هاوڵاتییان.

هاوکات رابەر حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، “بە داخستنی ئەو هەزار بیرە، لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی حەوت هەزار مەترسێجا ئاوی ژێرزەوی بەکارناهێنرێت و ئەوەش رێژەیەکی زۆرە کە بگەڕێتەوە سەر زەوی”.

ئاشکراشیکرد، بەهۆی بێ بارانی و کەم ئاوی، ساڵی رابردوو 12 بیر لە گەڕەکانی هەولێر وشک بوون.

لە زستانیش هەولێر کێشەی کەمئاوی هەیە

لە زستانیش هەولێر کێشەی کەمئاوی هەیە

چەند رۆژێکە کێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروس...

چەند رۆژێکە کێشەی کەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبووە