داواکاری هەیە
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: تشرین بڕوخێ کارەساتی مرۆیی روودەدات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر، داوا لە وڵات و هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات کار بکەن هێرشەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکان، لە دەوروبەری بەنداوی تشرین رابگرن.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات، لە ئەگەری رووخانی بەنداوەکە و دەڵێت، کارەساتێکی مرۆیی روودەدات.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ئەمڕۆ شەممە 11.1.2025 لە پەیامێکدا دەڵێت، لە سەرەتای رووخانی رژێمی ئەسەد، گرووپە چەکدارەکان، کە پشتگیریی لە دەوڵەتی تورکیا وەردەگرن هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری.
هێرشە توندەکان کە لەلایەن هێزەکانی تورکیا و گرووپەکانییەوە دەکرێن، مەترسی لەسەر ئاسایشی دامەزراوەی بەنداوی تشرین زیاد کردووە و دیسان مەترسییەکی راستەوخۆی لەسەر ژیانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکە دروست کردووە، ئێمە هۆشداری دەدەین کە هەر هێرشێک لەسەر بەنداوەکە، یان رووخانی، دەبێتە هۆی کارەسات و هەڵسانی لافاوی بەرفراوان، زیانی مرۆیی گەورە، وێرانکردنی ژێرخان و زیانێکی گەورەی ژینگەیی، خۆسەر وا دەڵێت.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواستووە، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێزە چالاکەکان لە دۆسیەی سوریا، سەبارەت بە قورسی بارودۆخی ناوچەکە ئاگادار بن، هەروەها داوای راگرتنی کارەساتێکی مرۆیی کرد کە ئەگەر بەنداوی تشرین بڕووخێت، زیان بە ملیۆنەها کەس دەگەیەنێت.