بەرەو بەغدا دەیانبرد
پۆلیس لە کەرکوک دەستی بەسەر پێنج ملیار لیرەی سوریدا گرت
964+
ئەحمەد مستەفا
لە بازگەی ترکەلانی کەرکوک؛ پۆلیس دەستی بەسەر پێنج ملیار لیرەی سوریدا گرت، کە نیازەکە وابووە، بەرەو بەغدا بیگوازنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ فەریق مقداد میری، لە راگەیەندراوێکدا کە 964 بینیویەتی دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا مەفرەزەکانی بەشی کاروباری جموجوڵی بازگەکان، لە پارێزگای کەرکوک و لە بازگەی ترکەلان، دەستیان بەسەر بڕە پارەیەکدا گرت کە بڕی (پێنج) ملیار لیرەی سوریی بووە.
بڕە پارەکە، لە ناو ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا شاردرابووەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە بازگە دەستی بەسەرداگیراوە،
وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، مەفرەزەکان شۆفێری بارهەڵگرەکە و ئەو کەسەشی لەگەڵیدا بووە دەستگیریان کردووە، ئەو ئۆپەراسیۆنە دوای پێکهێنانی تیمێکی کارکردن بە سەرپەرشتی فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک و بەڕێوەبەری بەشی ئاسایش ناوخۆ، کۆنتڕۆڵی تاوانەکانی کەرکوک و ئاسایشی نیشتمانی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو ئەنجامدراوە.
وتەبێژەکەی ناوخۆی عێراق، لەبارەی کاری ئەو تۆمەتبارانە ئاماژەی بەوەکردووە، رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوە وەرگیراوە و بەپێی ماددەی 281ی یاسای سزادان و بەپێی مادەی 52ی یاسای بانکی راگیراون.