بەهۆی بۆمبێکی فرمێسکڕێژەوە کە لە نمایشێکی سەربازیدا تەقێندرا
پارێزگاری سەڵاحەدین و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە تەنگە نەفەس بوون رەوانەی نەخۆشخانە کران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوانیواڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.1.2025، لەکاتی نمایشی سەربازی رۆژی جەژنی پۆلیس لەپارێزگای سەڵاحەدین،
وەکو بەشێک لەنمایشەکە بۆمبێکی فرمێسکرێژ (سمۆک) یان ھەڵدا و بەھۆیەوە ژمارەیەک بەرپرس و پارێزگاری سەڵاحەدین توشی تەنگەنەفەسی توندبوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، لەکاتی نمایشی سەربازی ئەمڕۆدا کە بۆ جەژنی پۆلیسی عێراق رێکخرابوو، لەلایەن چەند سەربازێکەوە بۆمبێکی فرمێسکرێژی دووکەڵیان بەھەڵە تەقاندەوە بەردەم ئامادەبوواندا، بەھۆیەوە پارێزگاری سەڵاحەدین و ژمارەیەک لەبەرپرس و ئەندامانی ئەنجوومەن کە ئامادەی نماییشەکە بوون، تووشی تەنگەنەفەسی تووند بوون و برینداربوون.
وتیشی، ھەڵدانی بۆمبە فرمێسکرێژەکە وەکو بەشێک لەچالاکی نمایشەکە بووە و ئەو کەسانەشی بەوھۆیەوە تەنگەنەفەس بوون رەوانەی نەخۆشخانە کراون و لەژێر چارەسەری پزیشکیدان، دوای ئەو رووداوەش نمایشەکە وەستێندرا و تەواونەکرا”.
ساڵانە لە 9ـی کانوونی دووەمدا، لە عێراق جەژنی پۆلیس بەرێوەدەچێت و نمایشی سەربازی دەکرێت، ئۆتۆمبێلی مەفرەزەکانی پۆلیسیش بەگووڵ دەڕازێندرێنەوە و شیرینی بەسەر ھاوڵاتیاندا دەبەخشرێتەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر