بارهەڵگرە خۆراکییەکانی عێراق کەرکوکیشی بێبەش نەکرد

964+

کاروان ساڵح – کەرکوک

وەزارەتی بازرگانی عێراق وەک چارەسەرێک بۆ گرانبوونی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار، چەندین بارهەڵگری خۆراکی رەوانەی بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق کرد، کە بە نرخێکی هەرزانتر بە سەر هاوڵاتیاندا دابەشدەکرێت.

 ئەمڕۆ یەكشەممە پێنجی شوبات، وەزارەتی بازرگانی عێراق چوار بارهەڵگر خۆراكی جۆراوجۆر رەوانەی شاری كەركوك كرد و لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی خۆراك لە شوێنە گشتییەكان بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ فرۆشرا، بە وتەی خۆیان ئەوە هەنگاوێكە بۆ رێگریكردن لە بەرزبونەوەی نرخ لە بازاڕەكاندا.

 عەلی وەهاب، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی خۆراكی كەركوك بە تۆڕی964ی وت، وەزارەتی بازرگانی عێراق وەكو هەنگاوێك بۆ رێگری كردن لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراك لە شارەكان كە تەنیا هاوڵاتی سڤیل زەرەرمەند دەبن، چوار بارهەڵگر خۆراکی رەوانەی شاری کەرکوک کرد.

وتیشی “خۆراکەکان و نرخەکانیان بەو شێوەیە بوون، 50 کیلۆ ئاردی سفر بە 37 هەزار دینار، تەبەقەیەک هێلکە بە چوار هەزار و 500 دینار، یەک لیتر شیر بە هەزار دینار، یەک کیلۆ مریشکی بەستوو بە سێ هەزار دینار”.

“هەر ئەمڕۆ لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بارهەڵگرەکان دەستیان بە فرۆشتنی ئەو شمەکانە کرد، بەڵام نازانرێت تەنیا ئەمجارەیە یاخود وەزارەتی بازرگانی بارهەڵگری تر رەوانەی پارێزگاکە دەکات”. عەلی وەهاب وا دەڵێت.

نەرمین جومعە، هاوڵاتییەو بە تۆڕی964ی وت، نرخی خۆراک زۆر بەرزبووەتەوە بەڵام ئەم خۆراکەنەی وەزارەتی بازرگانی عێراق نرخەکەی گونجاوە و بە جۆرێک هەر لە خۆراکێکدا سێ بۆ چوار هەزار دینار جیاوازی هەیە.

وەزارەتی بازرگانی عێراق، وەک هەنگاوێک بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا، چەندان بارهەڵگری پڕ لە خۆراکی بۆ زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق ناردووە کە بەنرخێکی گونجاو بە هاوڵاتیانی بفرۆشنەوە.