لە عەربەتیش دوو جەللادی کۆتر دەستگیرکران
لە ئاغجەلەر راوچییەک لەدەستی پۆلیسی دارستان هەڵات؛ تاپڕ و ماتۆڕەکەی گیران
964+
شۆڕش قادری
راوچییەکان واز لە ئیشەکەیان ناهێنن و بەردەوامن لە راوکردن، پۆلیسی دارستانیش ماندوو نابێ لە دەستگیرکردن و سزادانیان، لە ئاغجەلەر راوچییەک لەدەستی پۆلیسی دارستان هەڵات، بەڵام تاپڕ و ماتۆڕەکەی دەستیان بەسەرداگیرا، لە عەربەتیش دوو جەللادی کۆتر دەستگیرکران.
“لە پێناو پاراستن و پارێزگاریکردنى سنورەکەیان، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى ئاغجەلەر دەرچونێکیان ئەنجامداوە بۆ سنورى گوندى (کانى هەنجیر)، لەو کاتەدا دەبینن کە هاوڵاتیەک سەرقاڵى راوکردنە، بەبینى مەفرەزەکان هاوڵاتییەکە هەڵدێت و تاپڕ و ماتۆڕسکیلەکەی جێدێڵێت”، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وای بە 964 وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە، ئەگەر دەستگیریش بکرێت، بە دڵنیاییەوە سزای قورس دەدرێت.
بە گوتەی هێمن کەمەرخان، “کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەتیش لە سنوری بێستانسوور دوو کەسیان دەستگیر کردووە کە خەریکی راوکردنی باڵندەبوون لە جۆری کۆترە شینکە، دەستیشیان گرتووە بەسەر تاپڕێک و 17 فیشەکی تاپڕ و کۆترێکی سەربڕاو و دوو مۆبایل”.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو دوو راوچییەش کراوتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراون.
لە ماوەی ئەم هەشت رۆژەی سەرەتای ساڵدا، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی 12 راوچی دەستگیر کردووە.