دەستنووسە مێژووییەکانی سلێمانی بەدیجیتاڵی دەکرێن

+964

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

شوێنەواری سلێمانی و رێکخراوێکی ئەڵمانی، بە هاوکاری پسپۆڕێکی شارەزا، دەستنووسە کۆنەکانی سلێمانی ساغدەکەنەوە و دەیانکە دیجیتاڵی.

پڕۆژەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە، لە مانگی حوزەیرانی 2021 دەستیپێکردووە و تا ئێستا دەستنووسێکی نالی شاعیریان ساغکردۆتەوە، ئەوانەی دیکەش هی مامۆستایانی ئایینی و زانا کۆنەکانی کوردن کە کاریان تێداکردووە.

حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی964 وت، لە پڕۆژەکەدا رێکخراوی بوژاندنەوەی کەلەپووری کوردیش هاوکارمانە لەگەڵ رێکخراوی گەردەهینکنی ئەڵمانی.

تۆڕی964 لە شوێنەواری سلێمانییەوە دەزانێت کە ئەمە یەکەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق کە کار لە چاککردنی دەستنووسە کۆنەکان بکات، دوای ئەوەی سکانی دیجیتاڵییان دەکرێت، ئینجا لە وەرشەی تایبەت ساغدەکرێتەوە کە شەش مانگ دەخایەنێت. 

حسێن حەمە غەریب بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە تۆڕی 964 وتی “هەموو ئەو دەستنووسە مێژوویە کۆنانە، لەلایەن مامۆستا سەڵاحەدین سەنگاوی کە پیاوێکی ناودار و پڕۆفیسۆرێکی پایەبەرزە لە خوێندنەوەی دەستنووس، شڕۆڤەیان بۆ دەکرێت”.

بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە دوای شڕۆڤەکردن، دەستنووسەکان سکانی دیجیتاڵیان بۆ دەکرێت، ئینجا دەنێردرێت بۆ وەرشە و لەوێ چاکدەکرێتەوە.

زیاتر وتی “چاککردنی هەر دەستنووسێک نزیکەی شەش مانگی پێدەچێت، هەروەها دەیانەوێت ئەو شوێنە بکەین بە ناوەندێکی فێرکاری زانستی بۆ چاککردنی دەستنووس”.