بۆ پشتگیرى هاوڕێیانیان لە سلێمانى
خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە کەلار گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال
بەشێک لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى گەرمیان گردبوونەوە و داوا دەکەن چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە و پشتگیرى لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى شارى سلێمانیش دەکەن.
گردبوونەوەکە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیى هاتوچۆى گەرمیان ئەنجامدرا.
خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى گەرمیان وێراى پشتیوانى دەربڕین بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى سلێمانى، داواش دەکەن چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەوان قسەیان بۆ 964 کردوو دەڵێن، تائێستا لە گەرمیان بریارەکە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام ناتوانن پێى بچن بۆ سلێمانى.
سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان بە 964ى وت، “لە گەرمیان ھیچ بڕیارێک بۆ دەستبەسەرداگرتنى ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نییە، ئەوەی ھەیە تەنیا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی بۆ پارێزگاکە بڕیاریان لێداوە”.
دوێنێ لە گردبوونەوەى خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانى سلێمانى، ئاڵۆزى و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خاوەنى ئەو ئۆتۆمبێلانە و هێزى پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکان روویدا.
ھیچ ئامارێکی فەرمی نییە لە بارەی ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بەڵام لە ماوەکانی پێشوو لە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی گەرمیان کۆد دراوە بە نزیکەی 860 ئۆتۆمبێل.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح