چەند وەزارەت موچە وەردەگرن؟
ئەمڕۆ لە كوردستان دواڕۆژی دابەشكردنی موچەی مانگی 11یە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە پێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 8.1.2024 كۆتایی بە دابەشكردنی موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوو دێت.
بە پێی خشتەكە ئەمڕۆ وەزارەتەكانی رۆشنبیری و لاوان، كارەبا، خوێندنی باڵا، پێشمەرگە (دیوان و لیواكان)، یەكەكانی 70 و 80، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی هەرێم، پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش، هێزەكانی زێرەڤانی و فەرماندەی بەرگریی فریاكەوتن.
جێی سەرنجە بەشێك لەو فەرمانبەرانەی كە هەژماری بانكییان لە “هەژماری من” هەیە زووتر لەو وادەیەی لە خشتەكە دیاریكراوە، موچەكانیان وەرگرتووە، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها ئەمڕۆش موچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەت و دەستە و دامەزراوانە موچەكانیان خراوەتە سەر هەژمارەكانیان و دەتوانن وەریبگرن.
فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی 12ی 2024یان وەرنەگرتووە و چارەنووسیشی دیار نییە.
لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، سبەی پێنجشەممە موچەی مانگی 11ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.