شارەوانی دڵنیایان دەکاتەوە: بێخەم بن
فەرمانبەرانی کەلار ترسیان ھەیە ئەو زەوییانەی بۆیان دیاریکراوە درابێت بە وەبەرھێنەران
964+
میلاد جەلاد – گەرمیان
دوای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایانی ھەرێمی کوردستان، لە قەزای کەلار دوو پارچە زەوی دیاریکراوە بۆ دابەشکردن، فەرمانبەرانیش ترسیان ھەیە لەوەی کە یەکێک لەو جێگایانەی دیاریکراوە بدرێت بە وەبەرهێنەران و پڕۆژەکان، شارەوانیی قەزاکەش رەتی دەکاتەوە.
ئەوو دوو پارچە زەوییەی دیاریکراون، یەکێکیان دەکەوێتە نزیک سایلۆی کەلار، ئەوەی دیکەش دەکەوێتە نزیک گوندی سەید خەلیل.
ئاری عیزەدین مامۆستا لە کەلار بە 964ـی وت،”بەدواداچوونمان کردووە ئەو پارچە زەوییەی نزیک سایلۆکە لەلایەن وەبەرھێنەرێکەوە داواکراوە، بۆ ئەوەی بیکات بە پڕۆژە و رەزامەندی پێدراوە”.
“بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئەو زەوییەی نزیک سایلۆکە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان لابراوە و ھیچ شوێنێکی دیکەش بۆ جێگرەوەی دیارینەکراوە، بەو شێوەیەش بەشێکی زۆر لە فەرمانبەر و مامۆستایان بێبەش دەبن لە وەرگرتنی زەوی”، ئاری عیزەدین وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو زەوییە شوێنەکەی باشە و نرخی زیاترە، بۆیە بەوشێوەیە چاوی لەسەرە بکرێت بە پڕۆژەی وەبەرھێنان، ئەوانیش قبوڵی ناکەن و ھەموو رێگایەکی مەدەنی دەگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی مافەکەیان.
سەبارەت بەو پرسە ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە 964ـی وت،”دڵنیایی دەدەین بە فەرمانبەران ئەو دوو پارچە زەوییەی دیاریکراوە وەک خۆی دابەش دەکرێت بەسەر فەرمانبەران و مامۆستایان و ھیچ گۆڕانکاریەک لە شوێنی زەویەکاندا ناکرێت”.
باسی لەوەش کرد، ئێستا لە قۆناغی نەخشەسازیدان و دوای تەواوکردنی رێکارەکان، دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان دەکەن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری