"لە رووداوى نقومبوونى یەختەکەیان خنکا بوو"
تەرمى مێردمنداڵە خنکاوەکەى رێگەى هەندەران گەیشتەوە قەڵادزێ
964+
محەمەد عەلى – قەڵادزێ
تەرمى ئەو مێردمنداڵەى لە رێگاى هەندەران بەهۆى رووداوێکەوە لە ئاوى نێوان لیبیا و ئیتالیا گیانى لەدەستدا، گەیشتەوە قەڵادزێ و لە زێدى خۆى بە خاک سپێردرا.
مێردمنداڵەکە ناوى رامیارە و تەمەنى 16 ساڵە و دانیشتوى ناحیەى هەڵشۆ بووە لە قەزاى پشدەر، بەڵام لە رووداوى نقومبوونى یەختەکەیان لە 19.12.2024، لە دوورگەیەکى نزیک ئیتالیا گیانى لەدەست دا.
هەر ئەو رۆژە 964 لە رێگەى سەرچاوەیەکى تایبەتییەوە لە ئیتالیا، وەک یەکەم دەزگاى میدیایى هەواڵەکەى بڵاوکردەوە.
یەختێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتالیا نوقم بووە و کۆچبەرێکی کورد خنکاوە
عومەر حەمە، خاڵى رامیارە و ئەمڕۆ لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى تەرمەکەى بە 964ـى وت،”کوڕەکەیان لە 28.11.2024 بەڕێکەوتووە و لە 19.12.2024، یەختەکەیان لە ئاوى نێوان لیبیا و ئیتالیا نقوم بووە”.
هەرچەندە کەسوکارەکەى تائێستا دڵنیانین لە جۆرى رووداوەکە، بەڵام ئەوەى بە ئەوان گەیشتووە بەهۆى نقومبوون یەختەکەیانەوە روویداوە.
رۆژى رووداوەکە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیتالیاوە بە 964ـی راگەیاند، یەختەکە لە لیبیا دەرچووە و کاتژمێر 3 بۆ 4ی بەیانی رۆژى 19.12.2024 لە دوورگەی لامپادۆسای وڵاتی ئیتالیا نوقم بووە.
وەک باسى کرد، یەختەکە نزیکەی 115 کۆچبەری تێدا بووە و 10 کۆچبەریان خنکاون و بەشێکیان کوردی هەرێمی کوردستان بوون و لە ناویاندا یەکێکیان کە خەڵکی پشدەرە خنکاوە و گیانی لەدەستداوە.
هەر ئەو کات سەرچاوەکەى 964، ناوى کەسەکە بە 964 وت، بەڵام بەهۆى پابەندبوون بە بنەماکانى کارى راگەیاندن، 964 ناو و ناونیشانى کەسەکەى بڵاونەکردەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح