زۆربەیان لەسەر مادەى هۆشبەر لە زیندانن
لە چاکسازییەکانى هەرێم نزیکەى 10 هەزار جێژوان بۆ زیندانیان رەخسێندراوە
964+
وریا فەتاح
لەناو چاکسازییەکانى هەرێمى کوردستان، 5700 سزادراو هەیە کە زۆربەیان لەسەر مادەى هۆشبەر دەستگیکراون، لە ساڵى رابردووشدا نزیکەى 10 هەزار جێژوان بۆ زیندانیان رەخسێندراوە.
ئیحسان عەبدولرەحمان بابان، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازى هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، ئامارى ساڵى 2024ـى چاکسازییەکانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵ بەساڵ دۆخى زیندانییەکان بەرەو پێش دەبەن و رەزامەندى رێکخراوە ناوخۆیى و بیانییەکانیش دەدرێت و دەرگایان بۆ کراوەتەوە.
وەک باسى دەکات، ساڵى رابردوو 9031 کەس لە ناو چاکسازییەکانى هەرێم هەبوون و 8012 سزادراویش ئازادکراون، ئێستاش 5700 سزادراو لە ناو زیندانییەکان هەن کە 1500 سزادراویان لەسەر مادەى هۆشبەرەکان، دەستگیرکراون.
و یەک لەسەر پێنجى کۆى دەستگیرکراوانیش لەسەر مادە هۆشبەرەکان بووە.
ئاشکراشى دەکات، 560 خوێندکاریش لە ناو چاکسازییەکان لە هەموو قۆناغەکان دەخوێنن.
هەر بەپێى ئامارەکان، لە ماوەى 2024 دا 119 هەزار و 520 کەس سەردانى بنکە تەندروستییەکانى ناو چاکسازییەکانیان کردووە و 68 هەزار و 472 جاریش سەردانى کتێبخانەى چاکسازییەکان کراوە.
594 زیندانى ناو چاکسازییەکان کاریان کردووە کە 500 سزادراویان پیاو بوون و 94 سزادراو ژن بوون
“چاکسازییەکانى هەرێم لە ماوەى ساڵى 2024 دا، رێگەیان داوە 483 سزادراو بچنە ماڵەوە و دواتر بگەڕێنەوە، یەک هەزار و 251 کەسیش بە مەرج ئازاد کراون”، بەپێى ئامارەکانى چاکسازییەکانى هەرێم.
لەبارەى جێژوان بۆ ئەو سزادراوان، بەڕێوەبەرى گشتى چاکسازییەکانى هەرێم ئاشکراى کرد کە لە 2024 دا توانیویانە 9 هەزار و 272 جار، جێژوان بۆ سزادرا و هاوسەرەکانیان بڕەخسێنن.
چەند ئامارێکى دیکەى چاکسازییەکانى هەرێم لە 2024 دا:
49 لێبووردنى تایبەت
116 جار وتارى ئاینى لە ناو چاکسازییەمان
501 سزادراوى مادەى هۆشبەر خولى شیاندنەوەیان بۆ کراوە
358 سزادراو دواى شیاندنەوە گەڕاونەتەوە دۆخى ئاسایى