ئەیوب بە زیندووی نەدۆزرایەوە
964+
هێمن بەکر
دوای 13 رۆژ لە ونبوونی ئەیوب، منداڵە 13 ساڵەکەی ناحیەی کەسنەزانی هەولێر، بە مردووی دۆزرایەوە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تەرمەکەیان هەر لە سنووری ناحیەی کەسنەزان دۆزیوەتەوە.
لە پاش دۆزینەوەی، ئەحمەد، باوکی ئەیوب، بە رۆژنامەنووسانی وت “ئەوە منداڵەکەی خۆمە، کەس نازانێت چۆن گەیشتووەتە ئێرە، پشتم شکا”.
ئەو باوکە، پێشتر رایگەیاندبوو، کە ئەیوبی کوڕی “پەرکەم”ی لەگەڵدایە، ئەوە جۆرە نەخۆشییەکە کە مرۆڤ لە هۆشی خۆی دەچێت و ئاگای لە هیچ نامێنێت.
ئەو مێرمنداڵە لە رۆژی 24ی 1ی 2023 دیارنەما، چەند رۆژێک دوای ونبوونی ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە بۆ کۆتا جار ئەیوب دەردەخات لە بەردەم قوتابخانەکەی بە فالینەیەکی سوور و پیجامەیەکی رەشەوە مل بەرەو ئەو سەری کۆڵانەکە دەنێت، یەکجاریش ئاوڕ دەداتەوە.
بنەماڵەکەی پێیانوابوو بەرەو ئاراستەی شەقامی 150 مەتری هەولێر هەنگاوی ناوە، بەڵام ئەو دەڤەرەیان هەموو پشکنی و هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوت.
لەگەڵ بنەماڵەکەیشی، خەڵک، تیمەکانی پۆلیس، پێشمەرگە، ئاسایش و بەرگری شارستانی هەوڵی دۆزینەوەیان دا.
پۆلیس و کەسوکارەکەی ڤیدیۆیەکی دیکەیان دەستکەوتبوو کە تێیدا کەسێک لە نزیک ئاوەڕۆیەک دەردەکەوێت، ئەوان پێیانوابوو ئەوەش هەر ئەیوبە، بەڵام تەواوی ئاوەڕۆکەش گەڕاون و هیچیان دەستنەکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەیوب لە قوتابخانەیەکی تێکەڵی عەرەبی دەیخوێند، لە پۆلی چواری بنەڕەتی بووە و دەرەجەکانی باش نەبووە، هەروەها رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکانی ئیتر رۆشت و نەگەڕایەوە.