بۆ هەر بارێک 25 هەزار دینار وەرگیراوە

“لە عەلوەی کەلار بەرھەمی ھاوردە بە ناوخۆیی تۆمارکراوە”

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەو کۆمپانیایەی کاری پشکنین بۆ بەرھەمەکانی عەلوەی کەلار دەکات، باری بەرھەمی ھاوردەی بە ناخۆیی تۆمارکردووە، ھەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 25 ھەزار دیناری لێوەرگیراوە، بەرپرسێکی کشتوکاڵی گەرمیانیش دەڵێت: وەزارەتمان ئاگادار کردووەتەوە سزا بدرێت.

ستار عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـی وت،”ئەو کۆمپانیایە ھیچ پەیوەندیەکیان بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان نییە، کەچی لە نوسراوی پشتگیریەکانیان بۆ ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر ناوی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیانیان دەنوسی ئەمەش تەواو نا یاساییە، چونکە ئەوان بۆیان نییە پشتگیری بکەن”.

ئاماژەی بەوەشکرد،”کۆمپانیاکە بەرھەمی ھاوردەی(شوتی و کاڵەک)ی، بە بەرھەمی ناوخۆیی تۆمارکردووە و ھەر بارھەڵگرێک بڕی 25 ھەزار دیناری لێوەرگیراوە کە ئەو کارەیان بۆی کردووە”.

وتەبێژەکەی کشتوکاڵی گەرمیان وتیشی،”لە سەرەتای مانگی 11ی ساڵی ڕابردوو، نوسراومان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە کە سەرجەم ئەو پارانەی کۆمپانیاکە بە ناوی بەرھەمی ناوخۆیی لە شۆفێرانی وەرگرتووە، بگەڕێندرێتەوە بۆ داھاتی حکومەت، لەگەڵ ئەوەشدا سزای کۆمپانیاکە بدرێت، بەڵام تا ئێستا وەزارەت وەڵامی نەداوینەتەوە”.

محەمەد زەندی، بەڕێوەبەری تاقیگەی ئەو کۆمپانیای پشکنین لە عەلوەی کەلار دەکات بە 964ى وت،”چاوەڕوانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵین”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

“لە عەلوەی کەلار بەرھەمی ھاوردە بە ناوخۆیی تۆمارکراوە”